مایکرۆسۆفت هۆشداریدەدات لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەلایەن چینەوە
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لەراپۆرتێکدا ئاماژە بەوەدەکات، وڵاتى چین لەرێگاى بەکارهێنانى ژیرى دەستکرد ناکۆکى لەنێوان هاوڵاتییانى ئەمریکا درووستدەکات.
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت هیچ بەڵگەیەکى نەخستوەتەڕوو بەڵام هۆشداریدەدات لەو هەوڵەى وڵاتى چین و دەڵێت، "ژیریی دەستکرد بە مەبەستی وروژاندنی ململانێ و درووستکردنی کێشە لەنێوان هاوڵاتیانی ئەمریکیدا بەکاردەهێنێت.
سەنتەری لێکۆڵینەوە لە مەترسی و هەڕەشەی سەر بە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لە راپۆرتێکی نوێدا ئاماژە بەوەدەکات چین تادێت ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی هەژماری ساختە لە سۆشیاڵمیدیادا و دواتریش بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک لەسەر پرسە گەرمەکانی وەک گۆڕانی کەشو هەوا، پرسی کۆچبەران و جیاوازییە ڕەگەزییەکان، بۆ وروژاندنی مشتومڕ و دابەشکردنی خەڵکی ئەمریکا.
هەروەها لە راپۆرتەکەشدا هاتووە، چین سوود لە رووداو و کارەساتە سروشتییەکان وەردەگرێت بۆ ئەوەی خەڵکی متمانەیان بە حکومەت نەمێنێت، دەشڵێت: هەژمارەکانی سۆشیالمیدیای سەر بە حکومەتی چین پێشتر خۆیان وەک دەنگدەرانی ئەمریکا نیشانداوە بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنەکان هەبێت.
06/04/2024