وەزارەتی ناوخۆی عێراق: رێژەی تاوان کەمیکردووە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بەراورد بە ساڵی پار رێژەی تاوانەکان بە گشتی لە عێراق کەمبوونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی نیسانی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان سێ مانگی ساڵی رابردوو، تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست بە رێژەی 26% کەمبووەتەوە، هەروەها شەرعیەتدان بە کوشتن بە رێژەی %19 و ناکۆکییە عەشایەرییەکانەوە بە رێژەی %77 و شەڕی عەشایەری بە رێژەی %25 کەمیکردووە، بەڵام بە گوێرەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماری خۆکوژی لە عێراق بە رێژەی 2% زیادیکردووە.
راشیگەیاند، تاوانی دزیی چەکداریی بەڕێژەی 73% کەمیکردووە، تاوانی دزیکردنیش بەڕێژەی 9% کەمیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی رووداوە ئەمنییەکان لە عێراقدا بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی 5% کەمیکردووە.
07/04/2024