ئامانج رەحیم: مووچەی هەرێمی کوردستان پارێزبەندیی بۆ دروستبووە

کەناڵ8 07/04/2024
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مووچەی هەرێمی کوردستان پارێزبەندیی بۆ دروستبووە و لەگەڵ بەغداد رێککەوتووین نابێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان بکرێت بە بارمتە.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی تارگێتی کەناڵ8 رایگەیاند، لەدوا کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەغداد رێککەوتنمان لەسەر بەشە بودجەی هەرێمى کوردستان کردووە، پارێزبەندیی بۆ مووچە دروستبووە و رێککەوتووین نابێت چیدیکە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان بکرێت بە بارمتە.

گوتیشی، تێگەیشتن هەیە دەبێت مووچە دووربخرێتەوە لە ناکۆکیی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان نابێتە لەمپەر لەبەرامبەر ناردنی مووچە.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەدوای 20ـی هەموو مانگێکەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغدادەوە بگاتە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی، "عێراق پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، پێویستە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێی بکات و بەشێک لەداهاتی نانەوتی بۆ بەغداد بنێرێت.

سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش، ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە کار بۆ پلەبەرزکرنەوەی فەرمانبەران بکات و بڕیارە لە مانگی پێنجدا پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە.

کەناڵ8

07/04/2024