سەرۆکوەزیرانی عێراق و رۆمانۆسکی ئامادەکارییەکانی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا تاوتوێدەکات

سودانی و رۆمانۆسکی فۆتۆ: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
سودانی و رۆمانۆسکی فۆتۆ: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

بەر لە سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئیلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد کۆبووەوە.

نووسینگەی سودانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایان تاوتوێکردووە، بەتایبەت رێگاکانی هاریکاری لەبوارەکانی ئابووری و گەشەپێدان.

هاوکات لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە، سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بۆ واشنتنی پایتەختی ئەمریکا ئەنجامیدەدات.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سودانی، ئاماژە بەوەکراوە، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا چەند جارێک لیژنەی باڵای رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان بەغداد و واشنتن، چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە، سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق.

بەگوێرەی پێشبینییەکان، داهاتووی پەیوەندییەکان و دۆسیەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر چەند بانکێکی عێراق و چەند دۆسێیەکی دیکەی جێ بایەخی هەردوولا، لە دیارترین ئەو دۆسێیانە بن سودانی و بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێیدەکەن.