لە کەرکوک چوار کەس ژەهراوی بوون و یەکێکیان گیانیلەدەستدا

لە قەزای حەویجەی سەربە پارێزگای کەرکوک، چوار کەس ژەهراوی بوون و بەوهۆیەوە یەکێکیان گیانیلەدەستداوە.

سامان یابە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی کەرکوک بە کەناڵ8 ی راگەیاند: چوار کەس کە ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی قەزای حەویجەن، دوای نانخواردنی ئێوارە، ژەهراوی بوون و یەکێکیان گیانیلەدەستداوە.

سامان یابە گوتیشی: "یەکێک لەوانەی ژەهراوی بووە، ئێستا لە نەخۆشخانەی قەزای حەویجەیە و دوو کەسەکەی دیکە هێنراونەتە نەخۆشخانەی کەرکوکی فێرکاری و نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری و ئێستا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان و چارەسەر وەردەگرن".