سێرڤانتس.. دۆزەرەوەی ڕۆمانی هاوچەرخ
میگێل دی سێرڤانتس ساڤێدرا، ساڵی 1547 لە وڵاتی ئیسپانیا لەدایکبووە، لە تەمەنی 21 ساڵیدا، چووەتە ڕیزی سوپاوە و دژی تورکەکان لە زەریا و ئیتاڵییەکان لەسەر خاک شەڕی کردووە، ساڵی 1575، چەند چەتەیەکی دەریایی، سێرڤانتس و براکەیان ڕفاندووە و وەکو کۆیلە فرۆشتوویانن بە موورە موسوڵمانەکان.
پاش ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی وەکو کۆیلە، لە وڵاتی جەزائیر خۆی بینیوەتەوە، سێ جار هەوڵی هەڵهاتنی داوە، ساڵی 1580، لە دەرئەنجامدا دەربازی بووە و بەرامبەر بە ئازادبوونی پارەی داوە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ نیشتمانی خۆی.

یەکەم زانراوترین ئەدەبی بڵاوکراوەی سێرڤانتس، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1569، کاتێک کۆکراوەیەکی شیعریی پێشکەشی هاوسەری پادشای ئیسپانیا، فیلیپی دووەم کردووە و وەکو شاعیر ناسراوە، بەڵام پاش یەک ساڵ، دەستبەرداری نووسین بووە و وەکو سوارچاک، چووەتە ڕیزی سوپاوە و شەڕی بۆ ئیسپانیا کردووە.

ساڵی 1605، لە تەمەنی 58 ساڵییدا یەکەم بەرگی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەناونیشانی "دۆن کیخۆت"، بە بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە و داهاتێکی زۆری کۆکردووەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە پارەکانی کۆبکاتەوە.
دۆن کیخۆت کە بە یەکەم ڕۆمانی هاوچەرخی جیهان دادەنرێت و ڕێی بۆ دامەزراندنی شێوازی نوێی نووسینەوەی ڕۆمان خۆشکرد، هێندە کاریگەر بووە، لەلایەن نووسەرانی دیکەوە، هەوڵی درێژکردنەوەی ناوەڕۆکەکەی دراوە، لە دیارترینی ئەو هەوڵانەش، نووسینی بەرگێکی نافەرمیی دۆن کیخۆتە لەلایەن ئاڤێلانیدای نووسەرەوە، ئەمە وای کرد، سێرڤانتس بە خێرایی هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی بەرگی دووەمی ئەم کتێبە بدات و ساڵی 1616 بڵاویکردەوە، پاش یەک ساڵ لەم کارەی، لە تەمەنی 68 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی جگەر، کۆچی دوایی کردووە.

لەماوەی ژیانی سێرڤانتسدا، وڵاتی ئیسپانیا لە لوتکەی دەوڵەمەندییدا خۆی بینیوەتەوە، لەلایەن کۆڵۆنییە ئەمریکییەکانەوە، بەردەوام پارەی ڕەوانەکراوە، هاوکات، بەدەست چەندین شکستی سەربازییەوە ناڵاندوویەتی، ئەمانە تێکڕا، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر دونیابینی و شێوازی نووسینی سێرڤانتس دروستکردووە، کە لە ناوەڕۆکی رۆمانە بەناوبانگەکەیدا ڕوونن.

دەرکەوتنی کەسایەتیی سێرڤانتس لە ئاستی ئەدەبی ئەورووپیدا، بەراورد بە نووسەرە گەورەکانی دیکە، بە نهێنیی ماوەتەوە، تاکە زانیارییەک سەبارەت بە تایبەتمەندییە جەستەییەکانی ئەم نووسەرە، لە پێشەکی یەکێک لە کارەکانیدا دەدۆزینەوە بەناوی "Exemplary Novels"، کە تێکڕای وێنە و تابلۆ کێشراوەکانی، لەسەر زانیارییەکانی ئەم پێشەکییە دروستکراونەتەوە و وێنای کەسایەتییەکی 60 ساڵان دەکەن، ئەمەش وا دەکات، هەرگیز جیهان بەتەواوەتی نەزانێت سێرڤانتس بەڕاستیی شێوەی چۆن بووە.

هەرچەندە سێرڤانتس ژیانێکی ڕەنگاڵەی هەبووە، بەڵام بە هەژاریی پەروەردە بووە، باوکی زیندانیی کراوە، وێڕای نووسینەوەی یەکێک لە مەزنترین ڕۆمانەکانی جیهان، نەیتوانیوە داهاتی بەرهەمە نووسراوەکانی کۆبکاتەوە و بە هەژاری کۆچیدوایی کردووە.
ویلیام شکسپیر، گەورە شانۆنووسی ئینگلیزی، هاوسەردەمی سێرڤانتس بووە، یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی، ئیلهامی لە دونیابینی سێرڤانتس وەرگرتووە و هەواداری بووە، ساڵی 1613، لە ستایشی کەسایەتییەکی دۆن کیخۆت، نووسینێک بە ناونیشانی "The History of Cardenio" بڵاوکردووەتەوە.

گەرچی ئێستا جیهان سێرڤانتس وەکو نووسەرێکی گەورە دەبینێت، بەڵام پیشە و کاری ڕاستەقینەی ئەم نووسەرە کۆکردنەوەی باج بووە، ئەم کارە وای کردووە لە ئاستی نووسەرە هاوچەرخەکانیدا بهێنرێتە دەرەوە و کڵێساش وەکو کەسایەتییەکی نابەجێ لێیان ڕووانیوە، بەو پێوەرەی، کۆکردنەوەی باج بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە جەنگ، وەکو تاوان بینراوە.
لە کۆتا هەڵگەڕانەوەی ژیانیدا، وێڕای ویست و داواکارییەکانی بۆ ناشتنی تایبەت، لەمیانی نۆژەنکردنەوەیەکی ساڵانی 1670، گۆڕەکەی بەتەواوەتیی وون بووە، بەڵام ساڵی 2015، پاش لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکیی دادوەری، ڕووفاتی ئەم نووسەرە ئاشکرا بووە و ناسنامەکەی سەلمێنراوە، بەمەش چیرۆکی 400 ساڵەی ونبوونی سێرڤانتس کۆتایی هاتووە.

2 کاتژمێر پێش ئێستا