بە بڕی 140 ملیۆن دۆلار ئەمریکا پەرە بە فڕۆکەیەکی سەربازیی عێراقی دەدات

وێنەی فڕۆکەکە فۆتۆ: ئاژانسەکان
وێنەی فڕۆکەکە فۆتۆ: ئاژانسەکان

عێراق داوای لە ئەمریکا کردووە پاڵپشتیی لۆجستی بۆ فڕۆکەکانی C-172 و AC/RC-208 دابینبکات بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی.

ئەم پاڵپشتییە لۆجستییە تێچووەکەی 140 ملیۆن دۆلار لەسەر عێراق دەکەوێت.

پاڵپشتییەکە بریتییە لە دابینکردنی راهێنانی تەکنیکی و چاککردنەوە، دابینکردنی پارچەی یەدەگ جگە لە بەرزکردنەوەی ڤێرژنی فڕۆکەکان بۆ ئاستێکی بەرزتر.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دوای ئەو پاڵپشتییانە، عێراقیش توانای پشبەستنی بەخۆی بۆ ئەو فڕۆکانە بەدەستدەهێنێت.

کۆمپانیای نۆرسرۆپ گرومان بەرپرسیار دەبێت لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکە بۆ بەرژەوەندیی لایەنی عێراقی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەم جۆرە گرێبەستانە هاوپەیمانێکی ستراتیژیمان لە ناوچەکەدا بۆ دەستەبەر دەکات، چاوەڕێی گرێبەستی بەهێزتری دیکە دەکەین.

رۆژی شەممە، 20ى نیسانى 2024، سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا گفتوگۆی کردووە لە بارەى فڕۆکەى ئێف 16 و هێلیکۆپتەری جۆری بێڵ، کردووە و خواستی گرێبەستکردنى بۆ دابینکردنی سەکۆی ئەندرۆترۆن دەربڕیوە کە دژە درۆنە".

گوتیشى: "حکومەت پشتیوانیى خۆى بۆ وەبەرهێنان و پیشەسازییەکان بە گشتی و پیشەسازییە تایبەتمەند و بەرگرییەکان بەتایبەتی دەربڕیوە و ئامادەیى خۆشى بۆ بەرزکردنەوەی ئاستى هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکانى عێراق دەبڕیوە".

بەگوتەى وەزیرى بەرگریى عێراق، "54 کۆمپانیای بیانى ئامادەیى خۆیان نیشانداوە بۆ وەبەرهێنان لە بوارى پیشەسازیى سەربازى لە عێراق".