سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: ئەنجوومەنى وەزیران دەنگ لەسەر خشتەى بودجەى 2024 دەدات

کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق. فۆتۆ: پەڕەى ئەنجوومەنى وەزیران لە فەیسبووک
کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق. فۆتۆ: پەڕەى ئەنجوومەنى وەزیران لە فەیسبووک

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 30 نیسان، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، لەکۆبوونەوەى خۆیدا، دەنگ لەسەر خشتەى بودجەى ساڵى 2024 بدات، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عیراق رایگەیاند، چاوەڕوانن بەزووترینکات خشتەى بودجە بنێردرێتە پەرلەمان.

عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەنگ لەسەر خشتەى بودجەى ساڵى 2024 بدات و چاوەڕوانن بەزووترینکات خشتەکە بنێردرێتە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.

سەرۆکى لیژنەى دارایی گوتیشى، "جەخت لە جێبەجێکردنى بڕگە و ماددەکانى پەیوەست بە یاساى بودجەى گشتى فیدراڵى دەکەن، بەتایبەت تەرخانکردنى پارەى پێویست بۆ دامەزراندن و گرێبەستکردنى ئەوانەى لەبودجەى ساڵى رابردوو بریاربوو دابمەزرێندرێن و دانەمەزراون لەگەڵ تەرخانکردنى پارەى پێویست بۆ پارێزگاکان".

بودجەى گشتیى عێراق بۆ سێ ساڵى داهاتوو، (2023،2024،2025) پەسەندکراوە و ساڵانە داواکاریى وەزارەت و پارێزگاکان دەچێتەوە وەزارەتى دارایی و وەزارەتى پلاندانان و دواى رێکخستنەوەى ئەنجوومەنى وەزیران دەینێرێتە ئەنجوومەنى نوێنەران بەمەبەستى پەسەندکردنى.