گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: چاوەڕێی بەغدادین پارەی مووچەی مانگی نیسان بنێرێت
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، "هەموو داواکارییەکانی بەغدادمان بۆ ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە وچاوەڕێین بەغداد پارەمان بۆ بنێرێت."
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ناردنى مووچەى مانگى چوارى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا گوتى، ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاریداوە داهاتە فیدراڵییەکان بخرێنەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایى فیدراڵى، ئەو بابەتە یەکلایى کراوەتەوە و بڕیاریدراوە بە زووترین کات ئەو داهاتانە بنێردرێن.
باسى لەوەشکرد، ئەوەش بۆ ئەوەى چیتر حکومەتى فیدراڵى عێراق هیچ بیانوویەکى نەمێنێت بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و نەبەسترێتەوە بەهیچ بابەتێکى دیکەوە.
لەبارەى ناردنى لیستى مووچە بە پلەبەرزکردنەوەوە گوتى، ناتوانین بڵێین کەى کۆتایى بە لیستەکان دەهێنرێت، بەڵام بەردەوام لەسەرخەتن و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان بەردەوام لەکاردان تاوەکو لیستى مووچە بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادەبکەن، هەرکات تەواوبوو ئەوا دەینێرن.
30/04/2024