تەرمی رۆژنامەنووس سالم ئەبو تیوور و کوڕەکەی بەخاکسپێردران

رێوڕەسمى بەخاکسپاردنى تەرمی رۆژنامەوان سالم ئەبو تیوور و حەمزەی کوڕی.
رێوڕەسمى بەخاکسپاردنى تەرمی رۆژنامەوان سالم ئەبو تیوور و حەمزەی کوڕی.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە کەرتی غەززە تەرمی رۆژنامەنووس وان سالم ئەبو تیوور و حەمزەی کوڕی بەخاکپسێردران، پاش ئەوەی دوێنێ لە بۆردوومانێکی کەمپی نوسەیرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کوژران.

رۆژی دووشەممە، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی کەمپی پەنابەرانی نوسەیراتی کرد و سالم ئەبو تیوور، پەیامنێری کەناڵی قودس ئەلیەوم، لەگەڵ حەمزەی کوڕی کوژران، ئەمڕۆ 30ـى نیسانی 2024، کەسوکارەکەی تەرمەکانیان لە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە شاری دێربەلەح وەرگرتەوە و لە مەراسیمێکدا بەخاکسپێردران.

کەناڵی قودس ئەلیەوم لە بەیاننامەیەکدا، پرسە و ماتەمینی رادەگەیەنێت بەهۆی کوژرانی سالم ئەبو تیور کە ناسراوە بە ئەبو حەمزە، کە یەکێک بووە لە رۆژنامەنووسە بەتواناکانی کەناڵەکە و لەهەمانکاتدا بەڕێوەبەری ژمێریاریی کەناڵەکە بووە، بەڵام بەهۆی بۆردوومانکردنی ماڵەکەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لەگەڵ کوڕە گەورەکەی کوژراوە.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە 7ـى تشرینی یەکەمی 2023، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە 142 رۆژنامەنووس کوژراون، ئەوەش بە خوێناویترین سەردەم دەناسرێت لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فەڵەستیندا کە تەنها لەماوەی شەش مانگدا هێندە رۆژنامەنووس کوژرابێت.