بڕی 100 هەزار دینار جەژنانە دەدرێت بە خانەنشینکراوە بیمەکراوەکان

فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8
فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

ئەمڕۆ، سێشەممە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، ئاشکرایکرد، لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بۆ مانگی ئایار، بڕی 100 هەزار دینار وەکو جەژنانە دەبەخشرێتە توێژێکی دیاریکراوی خانەنشینکراوان.

بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەو خانەنشینکراوانەی لە ساڵانی رابردوودا کرێکار بوون و خۆیان بیمەکردووە، بڕی 100 هەزار دینار وەکو جەژنانەی "جەژنی قوربان" وەردەگرن.

خلود حەیران، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خانەنشینان و بیمەی کۆمەڵایەتی، رایگەیاند، لە ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسان،  دەستکراوە بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینە بیمەکراوەکان بۆ مانگی ئایار، سەرجەم شایستە داراییەکان بەگوێرەی یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی ژمارە 18ی ساڵی 2023 رێکخراوە کە لە رۆژی 1/12/2023 لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندکراوە.

حکومەتی عێراق، لە رێگەی چەندین پرۆژەوە هانی کرێکاران دەدات بیمەی کارەکانی خۆیان بکەن لەچوارچێوەی ئەو رێکارە یاساییانەی بۆیان دەستنیشانکراوە، مانگانە دەتوانن بڕێکی کەم لە داهاتەکانیان ببەخشنە سندوقی بیمەی کۆمەڵایەتی خانەنشینانی کرێکار، بۆئەوەی لەپاش تەواوکردنی کاتی یاسایی بیمەکردنەکەیان، بتوانن مانگانە مووچەی خانەنشینی وەربگرن.