حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی بەشە غازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان

كەمی رێژەی غازی ماڵان هۆكارە بۆ گرانبوونی نرخەكەی. 
فۆتۆ: حەمە سوور
كەمی رێژەی غازی ماڵان هۆكارە بۆ گرانبوونی نرخەكەی. فۆتۆ: حەمە سوور

لەسەر داوای هەرێمی کوردستان و بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر، حکومەتی عێراق بڕیاریدا رۆژانە بەشە غازی ماڵان بنێرێت بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.

رۆژی هەینیی رابردوو، لەڕێگەی سێ درۆنەوە کێڵگەی کۆرمۆر کرایە ئامانج و بەرهەمهێنان راگیرا. دوای ئەو رووداوە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بە نووسراوێک داواى غازى ماڵانی لە وەزارەتى نەوتى عێراق کرد.

وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لە نووسراوەکەدا داوای لە وەزارەتى نەوتی عێراق کرد، تاوەکو دەستپێکردنەوەى بەرهەمهێنانى غاز لەکێڵگەى کۆرمۆر، غازى ماڵان دابینبکەن، چونکە بەرهەمهێنانى غازى ماڵان لە کێڵگەى کۆرمۆ وەستاوە.

وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دەڵێت: "بەهۆى هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانى 2500 مێگاوات کارەبا وەستاوە".

لەوەڵامی نووسراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق رەزامەندیی وەزارەتەکەی دەربڕیوە لەسەر داواکەی هەرێمی کوردستان.

عیزەت سابیر، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاندووە "سەرۆکوەزیرانى عێراق رەزامەندى لەسەر دابینکردنى غازى ماڵان داوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاونیشتمانییان".

لەئێستادا پارێزگای هەولێر رۆژانە 300 تۆن غازی ماڵان، پارێزگای سلێمانی، 260 تۆن و دهۆک 160 تۆن لە غازی شلی پێویستە.