چەند پەیامێکی بەپەلە لە یەکێتییەوە
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند، "هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و هەڵبژاردن دوابخرێت، سكاڵای یاسایی دەکەین."
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان کۆبووەوە و لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد کە بڕیارە لە 10-6-2024 ساز بکرێت. پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دووپاتکردەوە".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، "مەکتەبی سیاسی لەپێناو داكۆكیكردن لە مافی دیموكراسیی خەڵكی کوردستان، بڕیاریدا بە هەموو رێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی 10ـی 6ـدا بچێتەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە، "کۆبوونەوە هەمووانی لەو پێشهاتە ترسناكە ئاگادارکردەوە كە هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی كوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێكەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە".
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، "مەکتەبی سیاسی ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و هیچ پاساوێكی بۆ نییە تەنیا رەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبكاتەوە. هەر بۆیە رایدەگەیەنێت هەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: بڕیاری کۆبوونەوەکەی دەباشان ئەوەیە کە یەکێتی بۆ پارێزگاری لە مافی دیموكراسیی گەلەكەمان:
- بە یاداشتی فەرمی و دیداری راشكاو و جددی دۆستانی پرۆسەی سیاسیی کوردستان، عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەم پەرۆشییە دیموکراسییەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.
- بە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی داکۆكیكار لە پابەندبوون بەوادەی هەڵبژاردن، یەکڕیزی و دیموکراسی پتەوتر دەکات.
- پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستووری عیراق و یاسا بەركارەكانی، داكۆكی لەم مافەی میللەتەکەمان دەكات.
هەروەك بانگەوازی نیشتمانی و دیموكراسیی خۆی ئاڕاستەی هەمووان دەكات "لەم خەباتە یاسایی و دیموكراسییەدا پشتیوان و هاوكاربن."
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی روودەکاتە رای گشتیی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەڵێت: دەنگدەرانی تازەی پرۆسەی هەڵبژاردن کە بۆ یەکەمینجارە ئەم ئیستیحقاقە دیموکراسییە پیادە دەکەن، با پێكەوە داكۆكی لە ئەزموونی دیموكراسیی كوردستان بكەین و ئەركی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی خۆماڵی سەربخەین كە تەنیا بە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و لە وادەی خۆیدا دێتەدی.
لە کۆتایی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، "بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی بژاردەی هەڵبژاردن و دەربازكردنی قەوارەی هەرێم لە هەڕەشەی چەقبەستن و بێئیعتبارکردنی دامەزراوەكانی".
01/05/2024