شێرکۆ بێکەس.. ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕەوتی نوێگەرانەی شیعری کوردی
- یەکێک بووە لە دیارترین کەسایەتییەکانی شیعری هاوچەرخی کوردی
- لە خزمەتکردنی ئەدەب، زمان، فەرهەنگ، کولتوور و ڕەسەنایەتیی وشەی کوردییدا دەستێکی باڵای هەبووە
- ڕێکەوتی دووی ئایاری 1940 لەدایکبووە و چواری ئابی 2013 کۆچی دوایی کردووە
شێرکۆ بێکەس، کوڕی فایەق بێکەسی شاعیری گەورەی کوردە، لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە و هەر لەم شارەشدا پەروەردە بووە، لەژێر کاریگەریی فایەق بێکەسی باوکی و شاعیرانی پێش خۆی، کاریگەر بووە بە خوێندنەوە و نووسینی شیعر:
- لە تەمەنی 17 ساڵیدا، یەکەمین شیعری خۆی لە ڕۆژنامەی ژین بڵاوکردووەتەوە
- یەکەم کتێبی شیعریی بەناونیشانی "تریفەی هەڵبەست" لە بەغداد چاپ کردووە

پێشمەرگەش بووە
لە قۆناغی سەرەتای نووسین و بڵاوکردنەوەی شیعردا، هاوتای ژمارەیەک لە شاعیر و ڕووناکبیران، بانگەوازی بۆ وەرچەرخانێکی نوێ کردووە لە ڕەوتی شیعری کوردییدا و هەوڵی گۆڕانکارییان داوە بۆ شیعری نوێ، هاوتای تێکۆشان بۆ سەنگی زمانی شیعریی، بووە بە پێشمەرگە و خەباتی بۆ نیشتمان کردووە، لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق، لەسایەی خەباتگێڕییدا دەستی بە کارکردن کردووە.
ساڵی 1971، لەگەڵ سێ هاوڕێ و نووسەری دیاری کورد، حوسێن عارف، جەلال میرزا و کاکە مەم بۆتانی، بەیاننامەی ڕوانگەیان بڵاوکردووەتەوە و بە ئامانجی نوێکردنەوەی ئەدەب و نووسینی کوردی خەونیان بۆ ئاسۆیەکی ڕوون بینیەوە.

ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، شێرکۆ بێکەس بڕیاری جێهێشتنی نیشتمانی داوە، لە وڵاتی سوید جێگیر بووە و تاوەکو سەرەتای نەوەدەکان لەو وڵاتەدا ژیاوە و شیعری نووسیوە:
- ساڵی 1988، خەڵاتی "تۆخۆڵسکی"ی سویدی بردووەتەوە و سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی وڵاتەکە پێی بەخشیوە
- بەدەستهێنانی ناوبانگ لە ئاستی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، وای کردووە بەشێکی دیار لە شیعرەکان وەربگێڕدرێنە سەر زمانە جیاوازەکان

ساڵی 1992، شێرکۆ بێکەس بووە بە وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاش شەش ساڵ، چاپ و پەخشی سەردەمی لەگەڵ چەند کەسێک دامەزراندووە، لە ئاستی ناوخۆییدا و لە سەرەتای سەدەی 21، لەلایەن ناوەندە کوردییەکانەوە ستایشی گەورە کراوە و ناوەندی چاپ و ڕاگەیاندنی خاک، خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری پێبەخشیوە، هەر لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، تێکڕای بەرهەمەکانی لە هەشت هەزار پەڕەدا چاپ کردووە.

لە ئاستی ناوەڕۆکدا، شێرکۆ بێکەس:
- خاوەنی قەڵەمێکی هەمەچەشنە، بۆ پرسە نیشتمانپەروەرییەکان، خۆشەویستی و سروشت شیعری نووسیوە
- یەکێک بووە لە دیارترین کەسایەتییەکانی شیعری نوێی کوردی، هونەر و ئەدەبیاتی کوردیی بە شیعری نوێ ناساندووە
- خاوەنی دەیان کۆمەڵە شیعرییە کە زیاترن لە 30 کتێبی شیعری
- بەنزیکەی 10 هەزار لاپەڕە شیعریی ڕەنگاڵە و تایبەتی نووسیوە
لە دیارترین ناونیشانە ئەدەبییەکانی شێرکۆ بێکەس بریتین لە:
- تریفەی هەڵبەست
- دەربەندی پەپولە
- گۆڕستانی چراکان
- ئێستا کچێک نیشتمانمە

تایبەتمەندییەکانی شیعری شێرکۆ بێکەس:
- کاریگەر بووە بە بیری ئازادیی و بەرگریکردن لە ژن، هاوتای ئەوینی پاک و خۆشەویستی بێخەوش
- بە شاعیری ئەنفال، منداڵە هەژارەکان و ماڵە بێ نەواکان ناسراوەتەوە
- دیارترین شاعیرە لە دروستکردنی جوانیناسیی نێوان شۆڕش و دڵداری، گوڵ و گوللـەی بەرگری، هەستی ناسک و توڕەبوونی شاعیرانە
- هەوڵی سەرەکیی داوە، توخمە شیعرییەکان بەگژی یەکترییدا نەدات و نەیانکات بە قوربانی

وێڕای ئەزموونی شیعریی، خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە لە ژانرا جیاوازەکاندا، لەوانە:
- شانۆنامە
- دەقی کراوە و داستان
- نووسین لە چەند بوارێکی جیاوازی ئەدەبییدا
بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە
شێرکۆ بێکەس، پاش ململانێیەکی توند لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا، ڕێکەوتی چواری ئابی ساڵی 2013، لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، لەگەڵ مەرگیدا، دوایین پەخشانی خنکاوی خۆی بەناونیشانی "پاسکیلێکی کەرکووکی" جێهێشتووە و بە تەوانەکراویی ماوەتەوە.
پاش گەڕاندنەوەی تەرمەکەی لە وڵاتی سویدەوە بۆ شاری سلێمانی: لە پارکی ئازادی بەخاک سپێردراوە و شوێنەکەی بووە بە یەکێک لە دیارترین پێگە ئەدەبی و هونەرییەکان

4 کاتژمێر پێش ئێستا