شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لەهەندێک ناوچە لافاو دروستبووە

دیمەنی بارانبارین. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8
دیمەنی بارانبارین. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

بارانى بەخوڕ لە چەند شارو شارۆچکەیەکى هەرێمى کوردستانى بەردەوامە و لە شارى هەولێر ئاو لە ژمارەیەک شەقام و گەڕەک پەنگیخواردووەتەوە، تیمەکانى بەرگریى شارستانیش لە حاڵەتى ئامادەباشیدان.

پەیامنێرى کەناڵ8 لە هەولێر رایگەیاند، بەهۆى تاوەبارانێکى بەخوڕ ئاو لە شەقامى شەشت مەترى و گەڕەکەکانى بەهارى نوێ، سەیداوە، تەیراوا و کوردستان پەنگیخواردووەتەوە و لە گەڕەکەکانى بەهارى نوێ و کوردستان ئاو چووەتە ناو چەندین ماڵ.

هاوکات لە سلێمانى، لە درەنگانێکى شەوەوە تاوەکو بەرەبەیانى ئەمڕۆ، بارانى بەخوڕ بەردەوامبوو، لە دهۆک بارانبارین هیچ زیانێکى نەبووە، لە هەڵەبجە و گەرمیان کەش ئاسایی بووەتەوە. هەروەها رۆژى پێنجشەممە بارانى بەخوڕ کەرکوکى گرتەوە و لافاو لە چەند شوێنێک دروستبوو.

كەشناسیی هەرێمى هەرێمى کوردستان شەوى رابردوو رایگەیاند، شەپۆلەکە لە ناوچەکانى وەکو "سەنتەرى شارى هەولێر و دەوروبەرى، بەحرکە، قوشتەپە، دارەتوو، کەوەر گۆسک، بەردەرەش، هەوەها ناوچەکانى دەشتى هەولێر، قەزای کۆیە، تەق تەق، شوان، ئاکرێ، هەندێک ناوچەى گەرمیان و باشورى شارى سلێمانى، تاوەكو بەرەبەیان بەلێزمە دەبێت.

بەگوێرەی پێشبینییەکە، بۆ ناوچەکانى دیكە باران و هەورەبرووسکە مامناوەند دەبێت و پاشان ئاستى شەپۆلەکە ئاسایی دەبێتەوە، پاشان بەهێز دەبێتەوە بەتایبەت لە کاتەکانى نیوەڕۆی رۆژی هەینی بۆسەر ناوچەکانى رۆژهەڵاتى هەولێر، ئیدارەى سۆران، راپەڕین، سەنتەرى شارى سلێمانى، سەیدسادق، هەڵەبجە و هەندێک لە ناوچەکانى گەرمیان.