وەزیری ناوخۆیی عێراق: لە سەرانسەری وڵاتدا سیستمی کامێرای زیرەکی هاتوچۆ جێگیر دەکرێت

کامێرایەکی جێگیری تۆمارکردنی تیژڕەویی لە سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
کامێرایەکی جێگیری تۆمارکردنی تیژڕەویی لە سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆیی عێراق جەختیکردەوە، وەزارەتەکەیان سوورە لەسەر جێگیرکردنی کامێرای زیرەکی هاتوچۆ لە سەرانسەری عێراق.

وەزارەتی ناوخۆیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، وەزارەتەکە کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ گەشەپێدانی سیستمی هاتووچۆ، بە ئامانجی گەیشتن بە سیستمێکی هاتوچۆی مۆدرێن، کە هاوتای سیستمەکانی هاتووچۆی جیهان بێت.

بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆ پلانی هەیە بە دانانی کامێرای زیرەک و سیستمی راداری هاتوچۆ، کە رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.

هاوکات عەبدولئەمیر شمەری لەو بارەوە رایگەیاندووە، کامێراکان لە ماوەی 24 کاتژمێر و لە هەموو کەشوهەوایەکی جیاوازدا بەردەوامن لە کارەکانیان.

وەزیری ناوخۆ دووپاتیکردەوە، وەزارەتەکەی سوورە لەسەر جێگیرکردنی سیستمی کامێرای زیرەک لە سەرانسەری عێراقدا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەکان و کەمکردنەوەی روداوەکانی هاتوچۆ.

جەختیشیکردەوە، پێویستە کاربکرێت لەسەر بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هاوڵاتی و ئەندامانی پۆلیسی هاتوچۆ، نابێت رێگە بدرێت بە هیچ حاڵەتێکی ناچارکردنی هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی سەرانە و پارە وەرگرتن.