لە هەولێر شەڕ لەنێوان دوو خێزاندا دروستبوو و پێنج كەس برینداربوون
لە شاری هەولێر شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان دوو خێزاندا دروست دەبێت و پێنج كەس بریندار دەبن، دۆخی تەندروستی یەكێك لە بریندارەكان ناجێگیرە.
شایەتحاڵێك بە كەناڵ8ـی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئایاری 2024، لە گەڕەکی بەهاری نوێ بە هۆی دەمەقاڵێی نێوان دوو خێزانەوە، شەڕ لەنێوانیان دروستبووە کە دراوسێی یەکترن.
لەبارەی هۆكاری شەڕەكە شایەتحاڵەكە ئاماژەی بەوەكرد، هۆکاری شەڕەکە لەسەر منداڵ بووە و پێنج هاوڵاتی بریندار بوون.
هاوكات، راگەیاندنی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر بۆ کەناڵ8 ئاشكرایكرد، بەهۆی شەڕەکە سێ کەس رەوانەی نەخۆشخانەکە کراون کە یەكیان گولـلەیەک بەر رانی کەوتووە، تەندروستی جێگیر نییە و دوانەکەی دیكەش برینەكەیان سووكە.
روونیشیكردەوە، تەنیا رێگە بە سێ بریندار دراوە بێنە نەخۆشخانەی رۆژئاوا، بریندارەکانی دیكە کە لە لایەنی بەرامبەر بوون لەبەر دووبارە درووستنەبوونەوەی شەڕ رێگە نەدراوە بێنە نەخۆشخانەی رۆژئاوا و رەوانەی نەخۆشخانەیەکی دیکە کراون.
04/05/2024