قانع.. قەڵەمی خاک و دەنگی چەوساوەکان

حەسەن فەلاح 58 خولەک پێش ئێستا

یەکێکە لە دیارترین شاعیرانی شیعری کوردی، قەڵەم و هەستی خۆی بۆ بەرگریکردن لە نەتەوە و بەرەنگاربوونەوەی نەزانیی تەرخانکردووە، زۆرینە بە شاعیری چەوساوەکان ناوی دەهێنن.


"مەریوانە شوێنی ئەژدادم"

محەممەد، کوڕی شێخ عەبدولقادر، کوڕی شێخ سەعیدی دۆڵاشییە، ناسراوە بە قانع، ڕێکەوتی 15ی ئەیلوولی 1898، لە گوندی ڕیشێنی بناری سوورێنی شارەزوور لەدایکبووە، کە لە بنەڕەتدا، بنەماڵەکەی سەر بە گوندی دۆڵاشی سەر بە شاری مەریوان بوون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەکو خۆی دەڵێت:

ئامادەیی مەیدانم و ئەم بەرگە کە پۆشیم کفنە، نە وەکو جاکەت و پانتۆڵە لە بەرما، لە ئەسڵا خەڵکی دۆڵاشم، مەریوانە شوێنی ئەژدادم

ئاماژە بەوەش دەدات: "محەممەد (کابلی)م ئەمما، تەخەلوس (قانع)م ناوە."


هەر زوو دایک و باوکی لەدەستداوە

دەرەبەگەکانی شاری مەریوان، باوکی قانعیان ئاوارە کردووە، موڵک و ماڵیان داگیرکردووە و وەکو دەربەدەرێک ڕووی لە بناری شارەزوور کردووە، ئەم شاعیرە پاش 14 خوشک، چاوی بە دونیا هەڵهاتووە، قانع، هەر لەگەڵ لەدایکبوونیدا و پاش چەند ڕۆژێک، باوکی کۆچی دوایی کردووە، لەگەڵ پێگەیشتندا و هەر بە زوویی، دایکیشی لەدەستداوە، لەسەر دەستی مامەکانی گەورە بووەو پەروەردەیان کردووە.


یەکەم بەرکەوتنی لەگەڵ شیعردا چۆن بووە؟

ئاغا سەید حسێن، کە دانیشتووی گوندی چۆڕی ناوچەی مەریوان بووە، قانعی بردووەتە لای خۆی و لە حوجرە ئایینییەکاندا، بەگوێرەی نەریتی فەقێتی، لە سوختەییەوە دەستیپێکردووە و چووەتە بەر خوێندن، بەم جۆرە، قانع ئاڕاستەیەکی نوێی گرتووەتە بەر و گۆڕانکارییەکان لە ژیانیدا ڕوویانداوە، سەرەتای بەرکەوتنیشی لەگەڵ شیعردا، خوێندنەوەی دەقە شیعرییە سەرزەنشتییەکان بووە، ئەمە بووە بە بنچینەیەکی گەورە و بەهێز بۆ دروستبوونی کەسایەتییە شیعرییەکەی.


چەندین شار گەڕاوە

قانع لە ئاستی خوێندندا، خەمخۆرێکی گەورە بووە، چەندین شاری جیاوازی کوردستانی کردووە بەمەبەستی برەودان بە زانست و زانینەکەی، شارەکانی: شنۆ، سنە، مەهاباد، بیارە، سلێمانی، کۆیە، هەولێر و کەرکووک گەڕاوە بەمەبەستی فێربوون، دواقۆناغی خوێندنی لە مەریوان بووە و هەر لەم شارەدا دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە.


قانع دژی چی وەستاوەتەوە؟

لەگەڵ دروستبوونی خولیای نووسینی شیعر، قانع بەرامبەر بە ڕووداو و هاوکێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەوری خۆی هەڵوێستی دەربڕیوە، بە چەندین شۆڕش و بزاوتی سیاسیی کاریگەر بووە، لەوانە: شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران، لە سایەیاندا شیعری نووسیوە، لە ئاستی گۆڕانی هاوکێشەی سیاسیی ناوچەکەدا، ئۆکتۆبەری سۆشیاڵیستی، کە بە پێچەوانەی نیاز و ویستی ئیمپریالیزم تای خۆی کێشاوە، دەرئەنجام بارودۆخێکی نوێی بۆ گەل و وڵاتانی ناوچەکە هێناوەتە ئاراوە، ئەمە بووە بە هەوێنی بیرکردنەوەیەکی نوێ لە ژیانی ڕۆشنبیریی شاعیراندا و قانع لە هەناوی ئەم هاوکێشەیەدا کاریگەر بووە، ماکی دەربەدەریی و نادادپەروەریی دەرەبەگایەتی، زیندوو بووەتەوە و قانع خۆی بۆ دژایەتیکردنیان تەرخان کردووە.


لە دڵدارییەوە بۆ نیشتمانپەروەری

لە ئاستی گۆڕانی ئاڕاستەی نووسینی شیعردا، سەرەتا بە ناوەڕۆکی دڵداری و ئایینیی دەستیپێکردووە و پاشان گۆڕاوە بۆ شیعری نیشتمانپەروەریی، بەرگریکردن لە جوتیار و هەژارانی کورد، بەم جۆرە، بەشێکی زۆری لە شیعرەکانی تەرخانکردووە بۆ ڕەخنەی سیاسی و تانەی لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان داوە.


ڕقی لە نەخوێندەواری بووە

بەرامبەر بە نەخوێندەواریی و زامی قووڵی نەزانین، ئاگاییەکی گەورەی هەبووە، قانع بەردەوام خوێنەران و خەڵکی هانداوە بەرەو ئاڕاستەی زانین بچن، شیعرەکانی هەوێنی بیرێکی فراوان و پێشکەوتووخوازیی بوون.

ئه‌ی وه‌ته‌ن خۆ مه‌ن به‌ ناحه‌ق سه‌رکه‌ز و ئاواره‌ نیم
رۆڵه‌که‌ی خۆتم به‌ پاکی دوژمن و خوێن خواره‌ نیم
چونکه‌ رۆڵه‌ی کوردستانم وه‌حشی و په‌تیاره‌ نیم
وا مه‌زانه‌ که‌وته‌ رۆژی خوی وه‌ها بێکاره‌ نیم


بەرهەمەکانی کامەنەن؟

لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، وەکو پێشڕەوێکی ئەدەبی، شان بە شانی بەرەی پێشەوەی بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد هەنگاوی ناوە، قانع، سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، دەستی داوەتە چاپکردنی بەشێک لە شیعرەکانی، بەشێوەی دیوانی جیاواز و قەبارەی تایبەت چاپیان دەکات، لەوانە: گوڵاڵەی مەریوان، باغچەی کوردستان، چوارباغی پێنجوێن، شاخی هەورامان، دەشتی گەرمیان، سروەی بەرەبەیان و پاشمەرگەی قانع، تاوەکو ناوەڕاستی شەستەکان، چەندین جار دوچاری ئازاری دەروون و دڵشکان بووەتەوە، هاوتای بەندکردن و ڕاگواستنەوە بۆ شارە جیاوازەکانی عێراق.


لەسەر چی زیندانیی کراوە؟

هەر وەکو بەڵگەنامەکان ئاماژەی پێدەدەن، قانع لە لاوێتییدا دوچاری تەنگەنەفەسیی بووە، لە درەئەنجامیشدا هەر بەم نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە، سەرەتای ساڵی 1963، بە هۆکاری ئاڵۆزبوونی ناوچەکە، لەگەڵ دانیشتوانی چەند گوندێکدا، ڕۆیشتوون بەرەو سنووری ئێران، لێرەدا دەستبەسەر کراون و لەگەڵ وریای کوڕیدا براون بۆ بەندینخانەی قەجەر لە تاران، ماوەیەک لەم بەندینخانەیەدا ماونەتەوە و تەنگەنەفەسییەکەی دۆخی خراپ کردووە، لە شیعرێکیدا، بەم چەشنە باس لە کونجی بەندینخانە دەکات:

ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی به‌ندیخانه‌یه‌
ئه‌م که‌له‌بچه‌ مه‌رهه‌می زامی دڵی دێوانه‌یه‌
بووکی ئازادیم ئه‌وێ خوێنم خه‌نه‌س بۆ ده‌ست و پی‌ی
ئه‌ڵقه ‌ئه‌ڵقه‌ی پێوه‌نم وه‌ک پڵپڵه‌و له‌رزانه‌یه‌


گۆشەگیر بووە

پاش ئازادبوونی لە بەندینخانەی قەجەر، گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ژیانە ئاڵۆزەی جێیهێشتبوو، لە پێنجوێن گیرساوەتەوە و لە سەرەتای بەهاری 1965، لە گوندی لەنگەدێی ناوچەی شلێر نیشتەجێ بووە، هەر لەم گوندەدا، ڕێکەوتی حەوتی ئایاری 1965، لە تەمەنی 67 ساڵیدا و بەدەم گۆشەگیرییەوە کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گوندەکە بەخاک سپێردراوە.

حەسەن فەلاح

58 خولەک پێش ئێستا