ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و پرسی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تاوتوێ دەكرێت

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

 ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تەوەرێکی کۆبوونەوەکەش، تایبەت دەبێت بە پرسی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، چاوەڕێدەکرێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی بەهەمیشەییکردنی زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی دامودەزگاکانی هەرێم دەربکات.

لەدوای بەهەمیشەیکردنیشیان لەم مانگەوە ناو و زانیارییەکانیان ئاڕاستەی بەغدا بکرێت بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکە.

فەرمانبەرانی گرێبەست ژمارەیان زیاتر لە 30 هەزار کەس دەبێت و هەندێك لەو فەرمانبەرانەش زیاتر لە 14 ساڵ خزمەتیان هەیە و خەریكە دەگەنە تەمەنی خانەنشینی و لە چاوەڕوانی بە هەمیشەیی بوونیاندان.

کۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت، 10 ملیار و 320 ملیۆن و 725 هەزار دینارە.