رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان زیادیکردووە
بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێژەی جیابوونەوە لە هەردوو پارێزگای سنە و کرماشان لەساڵی 2023 زیادیکردووە.
بەرپرسانی ئیداری هەردوو پارێزگای سنە و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاندووە، رێژەی جیابوونەوە لە هەردوو پارێزگا لەساڵی 2023 زیادیکردووە، هۆکارەکەشیان بۆ هەژاری، بێکاری، ئالوودەبوون و پچڕانی شیرازەی خێزان گەڕاندەوە.
حوسێن نەزەری، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری خێزانیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، تەنیا لەماوەی نۆ مانگی کۆتایی ساڵی 2023، له پارێزگاکه سێ هەزارو 898 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوه که 641 حاڵەتی زیاتره له هەمان ماوەی ساڵی 2022، لەهەر سێ هاوسەرگیریەک لەو پارێزگایە یەک هاوسەرگیری هەڵدەوەشێتەوە.
نەزەری دەشڵێت، هەر لەماوەی نۆ مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا زیاتر لە 11 هەزار و 611 هاوسەرگیری لەو پارێزگایە تۆمارکراوە، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022، 105حاڵەتی کەمتربووە.
هاوکات، بەهادور ئەسەدی، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی تاوان لە پارێزگای سنە بە وەكالەت رایگەیاند، ساڵی 2023 دوو هەزار و 170 حاڵەتی دۆسیەی جیابوونەوە رەوانەی ناوەندەکانی راوێژکاریی خێزانیی پارێزگاکە کراون و تەنیا 616 حاڵەتیان بە سازانی کۆمەڵایەتی چارەسەکراون، کە دەکاتە 28.4٪ حاڵەتەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، سابر جەباری، بەرپرسی سەنتەری لاوانی وەزارەتی تەندروستی ئێران پێشوتر رایگەیاندبوو، لەساڵی 2023 لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 201 هەزارحاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
12/05/2024