کانی.. شاعیری نیشتمانپەروەری قۆناغی کلاسیک
یەکێکە لە شاعیرەکانی قۆناغی کلاسیکی شیعری کوردی، ڕێنووس و زمانە شیعرییەکەی ڕەسەنایەتیی نەتەوەییان پێوە دیارە، کانی شاعیر، ڕێکەوتی 12ی ئایاری 1957، لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
عەبدولجەبار ئاغا، کوڕی حاجی مەلا عەبدولرەحمانی کوڕی حاجی تەهایە، بنەماڵەکەی دەچێتەوە سەر بەگزادەکانی جاف، عەبدولجەبار ناسراوە بە کانی و شیعرەکانی بەم ناسناوە بڵاوکردووەتەوە.
کانی، ساڵی 1894، لە گەڕەکی قەڵاتی شاری هەولێر، لە بنەماڵەیەکی ئایینیی و زانستپەروەر هاتووەتە دونیاوە، نازناویان "دۆغرەمەچی" بووە، کە بە واتای دروستکردنی نەخش و نیگار دێت لەسەر بەرهەمە دارتاشییەکان.
بەهۆی کۆچی دوایی باوکیەوە، لە خوێندن دوادەکەوێت و پاشان بە هاوکاریی براکانی لە تەمەنی 10 ساڵیدا، دەخرێتە بەر خوێندنی حوجرەی مزگەوتی قەڵات، بەم جۆرە، فێری زمانەکانی عەرەبی، فارسی و تورکی دەبێت، هەر بەهۆی خوێندنی حوجرەوە، ئاشنای ئەدەبیاتی ئەم زمانانە دەبێت.

کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، بووە بە فەرمانبەری میریی، لە هەولێر، کۆیە، ڕواندز و شەقڵاوە و چەند شوێنێکی دیکەی هەرێمی کوردستان، خزمەتی کردووە.
قۆناغی سەرەتای نووسینی شیعری کانی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لاوێتیی، ئەوکاتەی کاریگەر بووە بە شیعری دیارترین شاعیرە کلاسیکییەکان، لەوانە: نالی، سالم، کوردی، تاهیر بەگی جاف و چەندانی دیکە.
لەگەڵ دەستپێکی نووسینی شیعردا، بابەتەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە، لەوانە: هەتاو، برایی، هەولێر و ڕووناکی.
لە شیعرێکیدا دەنووسێت:
سەر فرۆناکەم بۆ عالەم چونکە عالی ھیممەتم
ناچوێنم بۆ ھەموو دنیا لە دەستم رەغبەتم
ئێمە سائیل لە عالەم سائیلە عالەم بەخوا
عیزەتی نەفسم ھەیە ناڵێمە حاتەم قبیللەتم
لە سایەی ئەنجامدانی کاری گەورەدا، خاوەنی چەندین شیعری دیارە، پێنج خشتەکیی لەسەر شیعری ژمارەیەک شاعیر داناوە و شیعریان بۆ یەکتری نووسیوە، لەوانە: دڵدار، ڕەشاد موفتی، مدحەت بێخەو و حەبیب عەلی میرانی، هاوکات، لە سایەی شارەزاییەتی لە زمانی تورکییدا، لەیل و مەجنوونی شاعیری ناوداری تورکیا "فزووڵی"، بە شیعر وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، کارەکەی وای کردووە، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، سێ جار چاپ بکرێت.
شیعرەکانی کانی، لە بوارەکانی نیشتمانپەروەری، خۆشەویستی و بوارە جیاوازەکانی دیکەدا ناسراون، وەکو شاعیری سەربڵندی نیشتمانپەروەر دەناسرێتەوە، ڕێکەوتی 12ی ئایاری 1957، لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و شاعیران چەندین شیعریان بۆ مەرگی نووسیوە، پاش خۆی، موەفەق ئەکرەم کانی، کۆی شیعرەکانی کۆکردووەتەوە و کەریم شارەزا، پێشەکیی بۆیان نووسیوە و لێکدانەوەی بۆ کردوون، لە دوو توێی دیوانێکدا بە ناونیشانی "دیوانی کانی"، لە ساڵی 1980 بڵاوکراوەتەوە.
12/05/2026