حکومەتى هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ سەرژمێریی گشتیی دەکات 

شاری سلێمانی فۆتۆ: حەمەسوور کەناڵ8
شاری سلێمانی فۆتۆ: حەمەسوور کەناڵ8

دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ تاوتوێكردنی دوایین ئامادەكارییەكانی سەرژمێریی گشتی كۆ دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی ئایاری 2024، کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتیى وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، وەزارەتی پێشمەرگە و چەند دەزگایەکی دیکە بەڕێوەدەچێت.

جوتیارعادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەمبارەیەوە رایگەیاند، كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە ئامانجی تاوتوێكردنی ئامادەكارییە لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرژمێریی گشتیی عێراق، تاوەكو بتوانرێت چی لەسەر هەرێمی كوردستان پێویستە لەم رووەوە خۆی بۆ ئامادە بكات، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەسەر چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و قۆناغەكانی دەكرێت.

بڕیارە رۆژی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا بكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی 27 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا نەكراوە.