بانکی TBI: لە چوارچێوەی بانکە حکومییەکانی دەرەوەی هەرێمدا مووچەی فەرمانبەران بە بانکی دەکەین

لۆگۆی بانکی بازرگانیی عێراق
لۆگۆی بانکی بازرگانیی عێراق

بانکی بازرگانیی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەى بەشداریکردنی لە  پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لە بانکە حکومییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

بانکی TBI لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "جەخت لە پابەندبوونمان بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەکەینەوە، سەبارەت بە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە تیایدا هاتووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بانکە حکومییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە بانکی بکرێت".

ئاماژەبەوەشدەکات، "بانکی بازرگانی عێراق بەشدار دەبێت لە چوارچێوەی بانکە حکومییەکان پاڵپشت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی عێراق".

بانکی TBI جەختلەوەدەکاتەوە، توانای کرداریی بەرز و پتەویان هەیە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە ئارەزوودەکەن بەشداریی لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکانیان بکەن لە بانکەکەماندا".

بانکی TBI باسلەوەشدەکات، تاوەکو ئێستا چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ناردنی لیستی ناوی فەرمانبەران لەگەڵ بەڵگەنامە پێویستییەکان بەمەبەستی دەستکردن بە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکانیان.

ئەم روونکردنەوەیەی بانکی TBI لە کاتێکدایە، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە، بانکەکە بەشداریی پرۆسەی هەژماری من دەکات و دەبێتە بەشێک لە پرۆسەکە.