زانیاریى لەبارەى راگەیاندنى لیستى مووچە

دینارى عێڕاقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دینارى عێڕاقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند "لیستى مووچە ئامادەیە و چاوەڕوانیین پارەکە لە بەغدادەوە بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى و دابەشکردنى مووچە دەستپێدەکات".

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوە کرد "هەر کات پارەى مووچە لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراقەوە خرایە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى دابەشکردنى مووچەى مانگى نیسان رادەگەیەنرێت".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتى دارایى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "لەسەر رێنمایی سەرۆكوەزیران و بە رەزامەندی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، هەروەها بە پشتبەستن بە نووسراوی دادگای فیدراڵی، بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی نارد".

روونیشكراوەتەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی دابینكردنی پارە بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2024.

هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان بە كەناڵ8ـی راگەیاند، مووچەى وەزارەتى پێشمەرگە و دامەزراوە سەربازییەکان نەنێردراوە، بەڵام بڕیارە سبەی چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024، لەلایەن بەغدادەوە رەوانە بکرێت.