وادەی ناردنی پارەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە بەغدادەوە
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، وردبینیی لیستی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواو بووە، ئەگەر ئەمڕۆ رێکارەکانی ناردنی پارەی مووچەکانیان تەواوبێت، راستەوخۆ بەغداد پارەکە دەخاتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئایاری 2024، سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، وردبینیی لیستی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواو بووە و وەزارەتی دارایی عێراق پێیانگوتین، ئەگەر ئەمڕۆ رێکارەکانی ناردنی پارەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواوبێت، راستەوخۆ وەزارەتی دارایی عێراق پارەکە دەخاتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان، ئەگەر تەواویش نەبێت ئەوا دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە مووچەی 12 وەزارەت و دەستە دابەشدەکرێت.
بەگوێرەى خشتەکە، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتەکانی، تەندروستی، کار و کاروبارى کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری و ناوخۆ، دەستەکانی مافی مرۆڤ، دەستپاکی، وەبەرهێنان، ژینگە، دەزگای مین، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان و دیوانی چاودێری دارایی دابەشدەکرێت.
16/05/2024