ئەنجوومەنى دادوەریی تانەیەکى یەکێتى لەبارەى راگرتنى کارەکانى کۆمیسیۆن پەسەندكرد

کەناڵ8 16/05/2024
لۆگۆى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.
لۆگۆى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، تانەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دژی بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ راگرتنی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان پەسەندکرد و رایگەیاند، پێشکەشکردنی تانە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تەنیا لە دەسەڵاتی دەستەکەیاندایە.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی ئایاری 2024، لەسەر سکاڵای رزگار حاجى حەمە کۆبووەتەوە و بڕیاریداوە، نابێت ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەبڕیارەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بن، چونکە لە تایبەتمەندى ئەوان نییە.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان دەشڵێت، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی لە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکان درووستدەین".

دەستەکە دەشڵێت، "زیانلێکەوتووان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانن تەنیا لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانە لە بڕیارەکان بدەن، کە تاکە مەرجەعە بۆ وردبینیکردنی راست و درووستی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و بڕیارەکانیشى یەکلاکەرەوەیە".

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن باسلەوەشدەکات، "هەر قسەیەکی پێچەوانەی ئەمە دەبێتە هۆکاری تێکەڵاوبوونی دەسەڵات و بڕیارەکان کە پەیوەستن بەیەک پرۆسەوە".

ئەوەشى راگەیاندووە، بڕیاری تانەلێدراوی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ راگرتنی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناڕاستە و پێچەوانەی یاسایە و بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران.

لە کۆتاییدا دەڵێت، ئەگەر کۆمیسیۆن بە هۆکارى هونەریى نەتوانێت هەڵبژاردن ئەنجامبدات، پێویستە داوا لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بکات، بە مەرسومێکى هەرێمیى وادەیەکى نوێ بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن دیاریبکات.

کەناڵ8

16/05/2024