سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق: لە کۆگاکردنى ئاوی بارانی ئەمساڵدا سەرکەوتوو بووین

دیمەنێکی بەنداوی دەربەندیخان. فۆتۆ: حەمە سوور
دیمەنێکی بەنداوی دەربەندیخان. فۆتۆ: حەمە سوور

وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، کۆگاکردنى ئاو لەئەمساڵدا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە و ئاستى ئاوى کۆگاکراوى بەنداوی موسڵ گەیشتووەتە 11 ملیار مەتر سێجا.

عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، ئاماژەى بەوە کرد ، وەزارەتەکەیان سەرکەوتوو بووە لە کۆگاکردنى ئاوی بارانی ئەمساڵدا بە تایبەتیش لە بەنداوی موسڵ کە گەورەترین بەنداوی عێراقە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە زیاتر لە 11 ملیار مەتر سێجا ئاو لەو بەنداوە کۆگاکراوە و سوود لە لافاو و ئاوی باران بینراوە.

ئاشکراشیکرد، توانای ئێستای بەنداوی موسڵ 319 مەترسێجایە لەچرکەیەکدا و ئەوان هەوڵدەدەن بیگەیەنینە 325 مەترسێجا لە چرکەیەکدا، جگە لەوەش ئاماژەی بە توانەوەی بەفر کردووە لە ناو خاکی تورکیا و رژانی بۆ ناو خاکی عێراق لەرێگای رووباری فیشخابورەوە و پاشان بۆ دەریاچەی سەرسار و گلدانەوەی لە بەنداوی موسڵدا.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان راشیگەیاندووە، هەوڵدراوە بەفیڕۆچوون لە بارانی ئەمساڵدا کەمبکرێتەوە لە رێگەی کەمکردنەوەی بەکاربردن و بەرزکردنەوەی ئاستی کۆگاکردنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاوی زۆنگاوەکان لە بەسرە بۆ 80 مەترسێجا لە چرکەیەکدا، ئەوەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەری سوێربوونی ئاو و دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە.