پزیشکێکی کورد: کیتۆ شێوازی ژیان نییە

 د. شێرزاد واحید، خوێندکاری ماستەر لە کلینیکی خۆراک
د. شێرزاد واحید، خوێندکاری ماستەر لە کلینیکی خۆراک

 د. شێرزاد واحید، خوێندکاری ماستەر لە کلینیکی خۆراک، لە بەرنامەی کلینیکی 8ی کەناڵ8ـدا باسی لە خۆراک و تەواوکەری خۆراکی کرد و ئاماژەشی بە چۆنیەتیی وەرزشکردندا.

سەرەتا پزیشکە کوردەکە ئاماژەی بەوەدا کە وەرزشکرن بەگوێرەی ئامانجی کەسەکە دەگۆڕێت. سەبارەت بەو کەسانەی کە ئامانجیان خۆپارێزییە لە قەڵەوی، گوتی '' بەگوێرەی رێکخراوی ئەمریکی بۆ پزیشکیی وەرزشی، ئەو کەسانەی کە ئامانجیان خۆپارێزییە لە قەڵەوی، دەبێت هەفتانە 150 خولەک وەرزشبکەن، واتە هەفتانە بۆ ماوەی 5 رۆژ، هەر رۆژێک 30 خولەک، کە ئەمەش دەیانپارێزێت لە نەخۆشیی قەڵەوی و شەکرەی جۆری دوو''

سەبارەت بەو کەسانەش کە دەیانەوێت چەوریی بەشێکی جەستە داببەزێنن، گوتی ''ئەو چەورییەی لە بەشێکی جەستە کۆبووەتەوە، لە ئەنجامی زۆرخواردن دروستبووە [واتە وەرگرتنی بڕێکی زیاتر لەو وزیەی کە رۆژانە پێویستە] بۆنموونە کە کەسێک رۆژانە 2500 کالۆری پێویستبێت، بەڵام 3000 کالۆری وەربگرێت، لە ماوەی ساڵێکدا 12 بۆ 13 کیلۆ لە چەوری کۆدەبێتەوە. بۆئەوەی ئەو چەورییە نەهێڵن، دەبێت کەمتر لەو وزەیە وەربگرن کە پێویستیان پێیەتی ''

 د. شێرزاد ئاماژەشی بەوەدا شوێنی کۆبوونەوەی چەوری لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، دەکرێت لە ورگ یان پشت یان ڕان و کەمەر کۆببێتەوە.

هەر لە درێژەی بەرنامەکدا گوتی ''ئەو وەرزشانەی کە لێدانی دڵ خێرادەکەن و دەیگەیەننە 128 بۆ 138  ترپە لە خولەکێکدا، وەک وەرزشی مەلەکردن و راکردن، زیاتر چەوری دەسووتێنن بەراورد بە بەرزکردنەوەی قورسایی''.

هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە خۆراک بەتەنیا هەموو کارێکت بۆ ناکات، کرۆکی بابەتەکە  وەرزشکردنە، تا زووتریش دەست بە وەرزشکەیت، باشترە و وەرزشکردن لە تەمەنی گەنجی لە نەخۆشییەکانی وەک ئاڵزایمەر دەتپارێزێت.

سەبارەت بە رێجیمی کیتۆ کە لە ئێستادا بەشێکی خەڵکی بۆ مەبەستی دابەزاندنی کێشیان پشتیپێدەبەستن، پزیشکەکە بە کەناڵ 8ی گوت '' دەکرێت بە مەبەستی دابەزاندی کێش سوود لە رێجیمی کیتۆ ببینرێت، بەڵام ئەم رێجیمە دەبێت لە ژێر چاودێریی پزیشک بکرێت، چونکە دەکرێت ماکی خراپی هەبێت''

هەروەها هۆشداریدا کە رجێمی کیتۆ بەو جۆرەی ئێستا لە کوردستان پەیڕەودەکرێت مەترسییە و گوتی'' کیتۆ شێوازی ژیان نییە، چارەسەرە و بۆ نەخۆشیی بەکاردێت؛ تاوەکو ساڵێک سەلامەتییەکەی گرەنتی کراوە. دەبێت تەنیا بۆ ماوەیەک لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆر جێبەجێبکرێت"

رێنمایی پزیشکە کوردەکە بۆ ئەو کەسانەی کە لە ماڵەوە کیتۆ دەکەن بریتییبوو لە: زۆرخواردنی سەوزە و میوە، هەروەها وەرگرتنی پرۆتین لە سنگی مریشک و ماسی.

سەبارەت بەو کەسانەشی بۆ گەورەکردنی ماسولکەکان وەرزش دەکەن گوتی'' گەورەکردنی ماسولکە پەیوەستە بە شێوازی ژیانیانەوە، خۆراک، خەو و کاتی وەرزشکردن رۆڵی گرنگیان هەیە، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ماسولکە دروستبکەن دەکرێت هەفتەی 5 بۆ 6 رۆژ وەرزشبکەن و تەنانەت دەتوانن رۆژانە بۆ ماوەی 2 کاتژمێریش بەردەوامبن، بەڵام نابێت هەفتانە کەمتر لە 3 رۆژ وەرزشبکەن''

هەروەها دەربارەی خۆراکی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ماسولکە گەورە بکەن گوتی ''ماسولکە، لە پاڵ وەرزشکردن و پشوودان، بە بوونی پرۆتین گەورە دەبێت. بۆ هەر کیلۆگرامێکی کێشی جەستە پێویستە 1.2 بۆ 1.4گرام وەربگرێت. واباشترە ئەو پڕۆتینە لە خۆراکەوە وەربگرێت، بەڵام کە نەیتوانی ئەو بڕە پرۆتینە لە خۆراکەوە وەربگرێت، دەکرێت تەواوکەری خۆراکی بەکاربهێنێت؛ بەو مەرجەی کوالێتیی تەواوکەرە خۆراکەکە باشبێت و بە رێگەیەکی یاسایی هێنرابێتە کوردستانەوە''