پسپۆڕێکی شێرپەنجە: پێویستە هەموو خانمێک لە 25 ساڵییەوە فێری خۆپشکنین ببێت
د. سارا جەمیل نیزامەددین، پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە، لە میانی بوڵتنی تەندروستیدا بە وردی باسی لە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان و رێگەکانی رێگریکردن کرد.
سەرەتا د. سارا جەمیل نیزامەددین، شێرپەنجەی بە تێکچوونی هاوسەنگی نێوان دروستبوون و لەناوچوونی خانەکان پێناسەکرد و گوتی "ئەم تێکچوونە دەبێتەهۆی زیادبوونی خانەکانی جەستە بە شێوازێکی کۆنترۆڵنەکراو و دروستبوونی گرێ، کە بەشێک لەم گرێیانە دەکرێت شێرپەنجەیی بن".
ئەو هۆکارانە چیین کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن؟
د. سارا جەمیل سەبارەت بە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە گوتی " تاوەکو ئێستا هۆکارێکی یەکلاییکەرەوە نییە کە ببێتەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە، بەڵام هۆکار زۆرن بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون پێیان". پاشان پزیشکەکە هۆکارەکانی زیادبوونی مەترسییەکانی کرد بە دوو کۆمەڵەوە و گوتی کۆمەڵەیەک لە هۆکارەکان ناتوارێن کۆنترۆڵبکرێن، وەکو تەمەن (کەسانی بەساڵاچوو مەترسییان زیاترە)، رەگەز (هەندێک جۆری شێرپەنجە لە خانماندا زیاترن وەکو شێرپەنجەی مەمک، هەندێکیش لە پیاواندا هەن وەکو شێرپەنجەی پڕۆستات)، هۆکارە بۆماوەییەکان ( هەندێک خێزان دەکرێت هەندێک جینیان هەبێت کە هۆکاربێت بە تووشبوون بە شێرپەنجە تیایاندا). سەبارەت بەو هۆکارانەی کە دەکرێت کۆنترۆڵ بکرێن، پزیشکەکە گوتی " لە رووی خۆراکەوە ئەو خۆراکانەی خوێ، چەوری، شیرینییان زۆرە، گۆشتی سوور و خۆراکە خێراکان هۆکارن بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، کحول و جگەرە، قەڵەوی و وەرزشنەکردنیش بەهەمان شێوە هۆکارن بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە بەڵام، دەکرێت کۆنترۆڵبکرێن".
سەبارەت بە خۆراکە تەندروستەکان، پسپۆڕەکە گوتیشی "گرنگە ژەمەکانمان دەوڵەمەندبن بە سەوزە و میوە و کە دەشڵێین سەوزە تەنیا مەبەستمان لە گەڵا سەوزەکان نییە، بەڵکو ئەو سەوزانەشی کە بەکاردەهێنرێن لە دروستکردنی شلەکاندا بەسوودن، وەکو کولەکە و باینجان. بیریشمان نەچێت ئەگەر لەگەڵ خۆراکدا وەرزشیش بکرێت، ئەوا وەرزشەکە هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی خۆراک بە جەستەی دەگەیەنێت"
باوترین جۆری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا چییە؟
" هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی پێشکەوتوو، چەند جۆرێکی شێرپەنجە تیایدا باون وەکو شێرپەنجەی مەمک لە خانماندا و شێرپەنجەی کۆڵۆن، پڕۆستات و سییەکان لە پیاواندا"
پشکنینی پێشوەختە چییە؟
د. سارا جەمیل، بە وردی باسی لە پشکنینە پێشوەختەکانیش کرد و گوتی پشکنینی پێشوەختە ئەو پشکنینانەن کە پێویستە لە تەمەنی دیاریکراو و کەسانی دیاریکراودا ئەنجامبدرێن بە مەبەستی دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، بۆئەوەی بە کاتێکی کورت، خەرجییەکی کەم و بە ئاسانیش تووشبووان چارەسەربکرێن.
لە هەرێمی کوردستان بۆچی رێنامەی پشکنینی پێشوەختە نییە؟
پسپۆڕەکە سەبارەت بەم گرفتە باسی لە نەبوونی سیستمی پشکنینی پێشوەختە کرد و گوتی "وەزارەتی تەندروستی پێویستە ئەم سیستمە دابنێت و ئەوە ئەرکی ئەوانە، لەگەڵ ئەوەشدا لێرە داتای پێویستمان نییە کە یارمەتیمانبدات لە دروستکردنی رێنامەکەدا"
بۆچی گرنگە هەر وڵاتەو رێنامەی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی هەبێت؟
د. سارا باسی لەوەکرد کە خۆراک، گووشاری دەروونی، چالاکی رۆژانە، وەرزشکردن و شێوازی ژیان بە گشتیی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازن و ئەمەش دەکرێت هۆکاربێت بۆ جیاوازیی هۆکارەکانی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە لە وڵاتەکاندا، هەربۆیە گرنگە هەر وڵاتەو بە گوێرەی شێوازی ژیانی دانیشتووانەکەی رێنامەی پشکنینی پێشوەختەیان بۆ دابنرێت.
پسپۆڕەکە گوتیشی " بەهۆی نەبوونی رێنامەی تایبەت بە هەرێمی کوردستانەوە ئێمە رێنامەی وڵاتانی دیکە بەکاردەهێنین و ئەم بەکارهێنانەوەیەش تا راددەیەکی زۆر کاریگەرە لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجە لە قۆناغێکی سەرەتاییدا و بەسوودە"
ئامانجی پشکنینی پێشوەختە چییە؟
" نەخۆشیی شێرپەنجە بە هەر هۆکارێک بێت دەکرێت تووشی مرۆڤ ببێت، کاتێک کەسێک تووشدەبێت و لە قۆناغێکی کۆتاییدا دەستنیشاندەکرێت، دەکرێت هەموو چارەسەرەکان لێرە بوونیان نەبێت، خەرجییەکی زیاتری بوێت، دەکرێت لە چارەسەرێک زیاتری پێویستبێت، لەوانەیە چارەخوازەکە پێویستبکات بە درێژایی ژیانی سەردانی نەخۆشخانەبکات کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆرە بۆ سەر نەخۆشخانەکان و ژیانیشیان مەترسیی زیاتری لەسەردەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک پشکنینی پێشوەختە ئەنجامبدات، یارمەتیدەردەبێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیدا لە قۆناغێکی سەرەتاییدا، ئەمەش وادەکات بە چارەسەرێکی ئاسان و ساددە کە خەرجیی زۆری ناوێت، بەردەستە و مەترسیشی کەمترە، چارەخوازەکە بە یەکجاری لە نەخۆشییەکە رزگاریببێت ".
پشکنینی پێشوەختەی چەند جۆرێکی باوی شێرپەنجە چۆنن؟
" بۆ شێرپەنجەی مەمک، پێویستە هەموو خانمێک لە 25 ساڵییەوە فێربێت چۆن پشکنین بۆ خۆیان بکەن مانگانە و ساڵانەش لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە پشکنینی بۆ بکرێت، پاشان لە تەمەنی 40 ساڵییەوە پێویستە دەستبکرێت بە سۆنار و مەمۆگرافی، ئەم پشکنینانە لە سەنتەری مەمکی نەخۆشخانەی شار بەردەستن"
" سەبارەت بە شێرپەنجەی پرۆستاتیش، لە 55 ساڵییەوە پێویستە پشکنین بکەن، تاوەکو چەند مانگێک پێش ئێستا لە نەخۆشخانەی هیوا ئەم پشکنینانەمان بۆ پیاوان ئەنجامدەدا و بووەهۆی ئەوەی شێرپەنجەی پڕۆستات لە چەند پیاوێکدا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشانبکرێت و چارەسەروەربگرن، بەڵام بەهۆی کەمیی ئەو کەسانەی کە سەردانیان دەکردین، ئێمە پڕۆژەکەمان وەستاند"
" بۆ شێرپەنجەی سییەکانیش بەتایبەتی لەو کەسانەی کە جگەرەکێشن، پێویستە لە رێگەی پشکنینێکی تیشکی تایبەتەوە پشکنینیان بۆ بکرێت"
هەریەکە لە شێرپەنجەی ملی هێلکەدان و پێستیش پشکنینی پێشوەختەیان بۆ دەکرێت.
ئەو کەسانەی مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجە زیاترە بەراورد بە کەسانی دیکە لە چ کاتێکدا پشکنینی پیشوەختە بکەن؟
" لەو کەسانەی کە پێشینەی خێزانییان هەیە، یان بە هەر هۆکارێک مەترسیی تووشبوونیان بە جۆرێکی شێرپەنجە زیاترە، ئەوا پێویستە دە ساڵ زووتر دەستبکەن بە کردنی پشکنینی پێشوەختە، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک لە خێزانەکەیاندا مێژووی شێرپەنجەی کۆڵۆن هەبێت، ئەوا لە جیاتی تەمەنی 40 ساڵی، پێویستە لە 30 ساڵییەوە دەستپێبکەن"
19/05/2024