زانیاریى لەبارەى وادەى دابەشکردنى مووچەى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان

فۆتۆ: كەناڵ8
فۆتۆ: كەناڵ8

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند "چاوەڕوانین ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان بدات و سبەینی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی".

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوە کرد "لە هەفتەی رابردووەوە پڕۆسەی وردبینی لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمى کوردستان، لەبەغداش تەواو بووە، چاوەڕوانین ئەمڕۆ وەزارەتیی دارایی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بدات و سبەینێ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی".

جەختیشیکردەوە "لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش وادەی دابەشكردنی مووچە رادەگەیەنین".

رۆژى چوارشەممە، وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى چوارى بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کراوە خشتەکە بەگوێرەى ئەو تەمویلە ئامادە کراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە نێردراوە و لە ریزبەندیى لیستەکە مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى تیادا نەبوو.

بڵاوکردنەوەى لیستى دابەشکردنى مووچەى مانگى چوار لەلایەن وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمەوە دواى ئەوە هات کە هەمان رۆژ، وەزارەتى دارایى عێراق بڕى 443 ملیار دینارى دیکەى بۆ مووچەى فەرمانبەران خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان.

لە راگەیەندراوێکى وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە "نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 15ى ئایارى 2024، 443 ملیار دینار وەک شایستەی مانگی نیسانی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

لە رۆژى سێشەممە، وەزارەتى دارایى عێراق دەستیکرد بە تەمویلکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ مووچەى مانگى نیسانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا وەک گوژمەى یەکەم نزیکەی 168 ملیار دینار خرایەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هاوکات وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەستپێکردنى دابەشکردنى مووچەى مانگى چوارى راگەیاند و ئاماژەى بەوە کرد "رۆژی چوارشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەکرێت و مووچەی ئەو چین و توێژانە دابەشدەکرێت کە لە بەغدادەوە تەمویلەکانیان گەیشتووە".