سودانی: ناردنی پارەی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

دینارى عێراقى.
دینارى عێراقى.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بانکی بازرگانیی عێراق - TBI دەستی بە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بۆ تەواوبوونی پێویستی بە کاتە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەش گوتی، ناردنی پارەی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند "چاوەڕوانین ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان بدات و سبەینی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی".

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوە کرد "لە هەفتەی رابردووەوە پڕۆسەی وردبینی لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمى کوردستان، لەبەغداش تەواو بووە، چاوەڕوانین ئەمڕۆ وەزارەتیی دارایی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بدات و سبەینێ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی".

جەختیشیکردەوە "لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش وادەی دابەشكردنی مووچە رادەگەیەنین".

رۆژى چوارشەممە، وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى چوارى بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کراوە خشتەکە بەگوێرەى ئەو تەمویلە ئامادە کراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە نێردراوە و لە ریزبەندیى لیستەکە مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى تیادا نەبوو.