لێدوانی خامنەیی لەبارەی رووداوی فڕۆکەکەی سەرۆککۆماری ئێران

عەلى خامنەیى، رابەرى شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى ئێران.
عەلى خامنەیى، رابەرى شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى ئێران.

عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ بنەماڵەی فەیلەقی پاسەوان کە بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی ئیمام رەزا بەڕێوەچوو، سەبارەت بە رووداوەی فڕۆکەی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، رووداوەکەی ئەم ئێوارەیە خەمهێنەرە و سەلامەتی بۆ سەرۆککۆمار و هاوەڵانی بەڕێزی دەخوازین.

رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەشڵێت، هیوادارم سەرۆکی بەڕێز و هاوەڵەکانی بگەڕێنەوە باوەشی میللەت.

راشیگەیاند، پێویستە هەمووان نزای تەندروستییان بۆ بکەن و گوتیشی، با خەڵکی ئێران نیگەران نەبن، هیچ پەککەوتنێک لە کارەکانی وڵاتدا روونادات.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران تووشی رووداو بوو، گەڕان بەدوایدا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە، بەهۆی سەختی کەشوهەواوە گەیشتنی تیمەکانی گەڕان بە شوێنی رووداوەکەی قورس کردووە.