کۆمپانیای سۆنی رێگە لە ژیریی دەستکرد دەگرێت

کۆمپانیای "Sony Music"ی بواری بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی موزیک، داواکارییەکی گەورە ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد دەکات و دەڵێت: موزیکەکانمان بەکارمەهێنن.

هەریەک لە کۆمپانیاکانی Google، Microsoft و OpenAI، داواکارییەکی نوێیان لەلایەن کۆمپانیای Sony Music پێگەیشتووە و لە پەیامەکەیدا داوایان لێدەکات، "بەکارهێنانی موزیکەکانیان رابگرن" و دیاریی بکەن ئاخۆ تاوەکو ئێستا چەند بەرهەمی ئەم کۆمپانیایەیان بەکارهێناوە.

کۆمپانیای سۆنی، لە ئاستی بەرهەمهێنانی موزیکدا، خاوەنی هەگبەیەکی گەورە و دەوڵەمەندە، چەندین هونەرمەندی دیاری جیهان گرێبەستیان لەگەڵدا بەردەوامە، لەوانە: بیۆنسێ، ئادێل و زیاتر لە 700 دامەزراوەی موزیکی.

ئامانجی سەرەکیی سۆنی، رێگریکردنە لە بەکارهێنانی موزیکەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ژیریی دەستکرد، هاوکات دەیەوێت لەم رێگەیەوە، ئەم ئامڕازە نوێیە سنوورداربکات و یاسای نوێ دابهێنێت بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بەکارهێنانی موزیکەکان.

سۆنی باوەڕی وایە، بەشێکی دیار لە موزیک و گۆرانییەکانی بەکارهێنراون بۆ راهێنانی ژیریی دەستکرد، لە ئەگەری دۆزینەوەی هەر بەڵگەیەکیشدا، ئامادەیە کۆمپانیاکانی بواری بەرەوپێشبردنی ئەم ژیرییە بدات بە دادگا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی گووگڵ و ئۆپن ئەیئای، ئامڕازی نوێی ژیریی دەستکردیان بەرەوپێشبردووە لە بواری دروستکردنی موزیکدا، هێشتاش روون نییە، بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی پاشخان و هەگبەی ئەم ئامڕازانە، موزیک و گۆرانی چەند کۆمپانیای بەرهەمهێنەریان بەکارهێناوە.