‎بافڵ جەلال تاڵەبانی: دڵمان لەگەڵ گەلی ئێران و سەركردایەتیی وڵاتەكەدایە

کەناڵ8 19/05/2024
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی رووداوی فڕۆکەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، رووداوەکە نیگەرانیكردین و دڵمان لەگەڵ گەلی ئێران و سەركردایەتیی وڵاتەكەدایە.

‎بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیەدا دەڵێت، رووداوی نەخوازراوی فڕۆكەكەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران و یاوەرانی نیگەرانیكردین و دڵمان لەگەڵ گەلی ئێران و سەركردایەتیی وڵاتەكەدایە، لە خوای گەورە داواكارین بە تەندروستی و سەلامەتییەوە بگەڕێنەوە ناو گەلی ئێران.

هاوکات نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیامێکى لەبارەی رووداوەکەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەم کاتە سەختەدا بیرمان لەگەڵ سەرکردایەتى گەلى ئێرانى و دۆست و دراوسێدایە.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس پەیامێکى بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتى، بە نیگەرانییەکى قووڵەوە چاودێرى هەواڵەکانى رووداوى هێلیکۆپتەرى سەرۆک رەئیسى دەکەم و لەخوداى مەزن داواکارم خۆیان و یاوەرانى باش و سەلامەت بن، دڵمان لایانە و نزاى خێریان بۆ دەکەین.

کەناڵ8

19/05/2024