گوتەبێژی خانەنشینان: دادگای فیدراڵی پشتیوانی لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دەکات

دیناری عێراقی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دیناری عێراقی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

شاندێکی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بۆ چەند داواکارییەکی پەیوەست بە مووچەکانیان سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە، سەرۆکی شاندەکەش دەڵێت، سەرۆکی دادگای فیدارڵی پێی گوتوون، "پێویستە مووچەی خانەنشینان هاوتا بکرێت".

شاندەکەی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان، سەرەتا لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەتەوە و داوایکردووە مووچەکانیان هاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت، هەروەها پەلەبکرێت لە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لەڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە.

سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، بە کەناڵ8ـی گوت "دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە و داواکارییەکانیان پێگوتووە".

گوتیشی "سەرۆکی دادگای فیدراڵی پێی گوتین پشتیوانیان لێدەکەن بۆ هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و دەشتوانن سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆماربکەن و ئەوانیش لەوبارەیەوە بڕیاردەدەن".

دادگای فیدراڵی لە 21ـی شوباتى 2024، لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانەوە بریاریدا و هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى پابەندکردن بە دابینکردنى مووچەى فەرمانبەر و خانەنشینانەوە، لە دواى بریارەکەش خانەنشینان داوای هاوتاکردنی مووچەکانیان دەکەن.