تابلۆیەکی دەگمەنی یایوی کوساما سەرنجی کڕیارە هونەرییەکانی راکێشاوە

تابلۆیەکی ئابستراکتیی خانمە شێوەکاری ژاپۆنی یایوی کوساما، کە بۆ یەکەمجارە نمایشدەکرێت، دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە و پێشبینی دەکرێت بە ملیۆنان دۆلار بفرۆشرێت.

"ئینفینیتی"، ناونیشانی ئەو تابلۆ نەبینراوەی خانمە شێوەکاری ژاپۆنیی یایوی کوسامایە، کە بۆ یەکەمجارە نمایشدەکرێت و بڕیارە لەمیانی فرۆشی هونەری هاوچەرخی بۆنهامی هۆنگ کۆنگ، زیادکردنی ئاشکرای بۆ ئەنجامبدرێت و بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت.

ئەم تابلۆیە، بە دوو رەنگی رەش و سوور لە ساڵی 1995 دروستکراوە، گوزارشتە لە شێوازی تایبەتی کوساما لە کێشانی تابلۆ هونەرییەکانیدا، بە بەکارهێنانی خاڵ و تۆڕی ناکۆتا و لە دوو بەشی سەرەکیی پێکهاتووە و بە رەنگ جیاکراونەتەوە.

بە گوتەی کوساما، ئەم تابلۆیە گوزارشت لە مێژووی ژیان و دۆخی کەسایەتیی خۆی دەکات، هاوتای ئەو هەست و بیرۆکانەی کە بەردەوام لە هزریدان.

کوساما لە ئاستی جیهانییدا، یەکێکە لە دیارترین خانمە شێوەکارە هاوچەرخەکانی جیهان لە بواری دروستکردنی هونەری ئابستراکتدا، ساڵی 2023، بەرزترین ئاستی لە فرۆشی پارچەی هونەرییدا بەدەستهێناوە و کارێکی بەنزیکەی 81 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە.

ئەمساڵ، گرانبەهاترین تابلۆی کوساما لە خانەی سۆسەبی فرۆشراوە بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار، پێدەچێت ئەم تابلۆ نوێیەشی کە بۆ یەکەمجارە نمایشدەکرێت، یەکێک بێت لە گرانبەهاترین تابلۆکانی لە ساڵی نوێدا.

کوساما ئێستا تەمەنی 95 ساڵە، لە وڵاتی ژاپۆن لەدایکبووە و لە چەندین بواری جیاوازی شێوەکارییدا کار و بەرهەمی هەیە، لەوانە: هونەری هاوچەرخ، هونەری پۆپ، مینیناڵیزم، هونەری فێمەنیستانە و هونەری ژینگەیی، خاوەنی 27 تابلۆ و زیاتر لە 10 کتێبە سەبارەت بە هونەر و ژیانی تایبەتی خۆی.