هەزار ئاوارەی شەنگال و سەڵاحەدین لە سلێمانییەوە گەڕێنرانەوە زێدی خۆیان

دیمەنێک لە کامپی عەربەت. فۆتۆ: حەمە سوور
دیمەنێک لە کامپی عەربەت. فۆتۆ: حەمە سوور

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی نزیکەی هەزار ئاوارەی لە کامپی ئاشتییەوە لە پارێزگای سلێمانی بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و نەینەوا راگەیاند.

ئیڤان فایەق لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، 935 ئاوارە لە کامپی 'ئاشتی'یەوە، کە دوا کامپە لە پارێزگای سلێمانی، گەڕێنراونەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان لە قەزای بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دووپاتیکردەوە، "هاوکاریی داراییان بە بڕی چوار ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هەر خێزانێک خەرجکردووە".

راشیگەیاندووە، "ئاوارە گەڕاوەکانی کامپی ئاشتی لە پارێزگای سلێمانی، جگە لە هاوکاریی دارایی، کەلوپەلی دیکەی وەک تەلەڤزیۆن، تەباخ و سەلاجە و کەرەستەی فریاگوزاری دیکە دراوەتە ئەو خێزانە گەڕاوانە".