سوپای ئێران: هیچ شوێنەوارێکی کردنەئامانجی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی نەدۆزرایەوە

هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران بە تێکشکاوی.
هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران بە تێکشکاوی.

سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران راپۆرتی سەرەتایی کۆمیتەی لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی سەرۆککۆماری ئێرانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هیچ ئاسەوارێكی كردنەئامانجی هێلیكۆپتەرەكە نەدۆزراوەتەوە.

راپۆرتەکە دەڵێت، "بەشێکی زۆر لە زانیارییەکان لە بوارە تایبەتمەند و تەکنیکی و گشتییە جیاوازەکاندا کۆکراونەتەوە، کە دەکرێت پەیوەندییان بە رووداوەکەوە هەبێت".

راپۆرتەکە هەندێک ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خستووەتەڕوو و باس لەوەكراوە، "هەلیکۆپتەرەکە لەسەر رێگای پلان بۆ داڕێژراو بەردەوامبووە و لە رێڕەوی فڕینی دیاریکراو لاینەداوە، تاوەکو نزیکەی خولەکێك و 30 چركە پێش کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە، فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک، پەیوەندی لەگەڵ دوو هێلیکۆپتەرەکەی دیکە کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، هیچ ئاسەواری گولـلە یاخود بارودۆخێکی هاوشێوە لە پاشماوەی پێکهاتەکانی فڕۆکە تێکشکاوەکەدا بەدی نەکراوە و هێلیکۆپتەرەکە دوای پێکدادان لەگەڵ بەرزییەکاندا گڕی گرتووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەکە و تەم و نزمیی پلەی گەرما، ئۆپراسیۆنی گەڕان بەدرێژایی شەو بەردەوامبوو، لەبەرەبەیانی زوودا رۆژی دووشەممە کاتژمێر 05:00 بە هاوکاریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، شوێنی رووداوەکە ئاشکرا بووە".

ئاشکراشیکردووە "لە گفتوگۆکانی نێوان تاوەری کۆنترۆڵ و تیمی فڕۆکەواندا، هیچ حاڵەتێکی گوماناوی تێبینی نەکراوە."

لە کۆتاییدا لیژنەکە دەڵێت، "بەشێکی زۆر لە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەو رووداوە کۆکراونەتەوە، پشکنین و بەدواداچوون بۆ هەندێک پارچە و بەڵگەنامەکانیش پێویستی بە کاتێکی زیاترە و دواتر رادەگەیەنرێت.