تای ماڵتا چییە؟

تای ماڵتا لەناو خەڵکیدا بە حەمای ماڵتا ناسراوە
تای ماڵتا لەناو خەڵکیدا بە حەمای ماڵتا ناسراوە

تای ماڵتا یان بروسیڵۆسیس نەخۆشییەکی مرۆژەڵییە، بەهۆی بەکتریای بروسێلا تووشی مرۆڤ دەبێت. تا و ئازاری جومگە و ئاراقکردن نیشانەکانی ئەم نەخۆشییەن.

تا چەند ئەم نەخۆشییە بەربڵاوە؟

ساڵانە بە نزیکەیی 500 هەزار حاڵەتی تای ماڵتا لە جیهاندا دەستنیشاندەکرێت. کەمترین تووشبوو لە ئەمریکا تۆماردەکرێت کە 100 بۆ 200 حاڵەتە لە هەر ساڵێکدا.

چۆن تای ماڵتا گاریگەری لەسەر مرۆڤ دروستدەکات؟

بەکتریای بروسێلا لە رێگەی دەم، لووت، چاو یان برینەوە دەچێتە ناو لەشەوە، پاشان دەچێتە ناو لیمفە گرێ یان شانەکانەوە و بەهێواشی دەست بە دابەشبوون دەکات، پاشان دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ مێشک، دڵ، جگەر و ئێسکەکان و ببێتەهۆی هەڵاوسان و زیانگەیاندن بەو ئەندامانە.

نیشانەکانی تای ماڵتا چیین؟

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دوای 2 بۆ 4 هەفتە یان زیاتر لە تووشبوون بە بەکتریاکە دەردەکەون؛ هەروەها نیشانەکان دەکرێت ماوەماوە دەربکەون و پاشان نەمێنن.

نیشانەکان بریتین لە:

  1. تا
  2. ئارەقکردن
  3. ئازاری جومگە
  4. کێشدابەزینی بێهۆکار
  5. ئازاری گەدە
  6. خەمۆکی
  7. گەورەبوونی لیمفە گرێکان

ئەو ئاژەڵانە چیین کە هەڵگری ئەو نەخۆشییەن؟

  1. بزن
  2. بەراز
  3. ئاسک
  4. مەڕ
  5. سەگ
  6. حوشتر

چۆن دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ؟

  • خواردنەوەی شیری نەکوڵێنراو یان خواردنی هەر بەرهەمێک کە لە شیری نەکوڵێنراو دروستکرابێت.
  • لە رێگەی بەرکەوتن بە شانە یان شلەی ئاژەڵێکی تووشبوو بەم نەخۆشییە
  • خواردنی گۆشتی نەکوڵێنراو
  • لە کاتی کارکردن لەسەر بەکتریای  بروسێلا لە تاقیگە، دەکرێت لە رێگەی هەواوە بگوازرێتەوە
  • نەخۆشییەکە لە دایکێکی دووگیانی تووشبوو دەگوازرێتەوە بۆ کۆرپەلە
  • جووتبوون

چۆن خۆمان بپارێزین لە تووشبوون؟

  1. نەخواردنەوەی شیری نەکوڵێنراو
  2. لەبەرکردنی جلوبەرگی پارێزەر لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان شانە و گۆشتی ئاژەڵ
  3. باش کوڵاندنی گۆشت

تای ماڵتا چارەسەری هەیە؟

بەڵێ، چارەسەری تای ماڵتا ئاسانە و ماوەی چەند ساڵێکە چارەسەرەکان لە کوردستان بەردەستن، بەجۆرێک ئەگەر زوو بە نەخۆشییەکە بزانرێت، دەکرێت زۆر بەئاسانی لە نەخۆشخانەکاندا، لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی هەناوییەوە چارەسەربکرێت