سوپای عێراق لە بازگەکانی کەرکوک کشایەوە

بازگەیەکی کەرکوک
بازگەیەکی کەرکوک

پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، دۆسیەی ئەمنیی کەرکوک رادەستیی پۆلیسی پارێزگاکە دەکرێت و سوپا لە سەرجەم بازگەکان کشاوەتەوە.

عامر نوری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوپا لە تەواوی بازگەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک کشاوەتەوە، دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە رادەستیی پۆلیسی پارێزگاکە دەکرێت و لەشوێنی سوپا، پۆلیسی خۆجێیی بازگەکان بەڕێوەدەبەن، بەڵام لەژێر فەرمانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندان و پۆلیسیش بەشێکە لەو هێزە.

گوتیشی، بڕیارەکە تەنیا بۆ پارێزگای کەرکوک نییە، بەڵکو بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراقە و ئەو پارێزگایانەی سوپای لێیە دەبێت بکشێنەوە و پۆلیسی خۆجێیی شوێنیان بگرنەوە، پارێزگای کەرکوکیش لە رابردوودا دۆخێکی تایبەتی هەبووە و دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە لە دەستی سوپادا بوو، بەڵام ئێستا سوپا کشاوەتەوە.

نزیکەی حەوت ساڵە دۆسیەی ئەمنیی کەرکوک لە دەستی سوپای عێراقدایە و لە چەند ساڵی رابردوودا چەند جارێک باس لە رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە بە پۆلیس کراوە، بەڵام تەنیا دەنگۆ بوون و جێبەجێ نەدەکرا.