"نزیکەی %50ی ئەوانەی هۆڵیوود سمایڵ دەکەن پەشیمانن"

د. بۆتان بەرزان خەفاف - پسپۆری  چارەسەر و جوانکاریی ددان
د. بۆتان بەرزان خەفاف - پسپۆری چارەسەر و جوانکاریی ددان

د. بۆتان بەرزان خەفاف - پسپۆری چارەسەر و جوانکاریی ددان

زاراوەی "زەردەخەنەی هۆڵیوود" بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ جۆرێکی دیاریکراوی دروستکردنی ددانی راست و سپی، بۆ ئەوەی زەردەخەنەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش لە ماوەیەکی کەمدا دروستبکرێت، کە زۆرجار لەنێو کەسایەتییە ناودارەکان و ئەستێرەکانی هۆڵیووددا دەبینرێت.

سەرەڕای سوودەکانی، ئەو کەسانەی بەنیازن جوانکاریی ددان بە هۆڵیوود سمایڵ بکەن، باشترە چەند خاڵێک لە بەرچاو بگرن پێش ئەنجامدانی.

بەپێی توێژینەوەیەک کە 4100 کەس بەشداربوون کە چارەسەریان بە هۆڵیوود سمایڵ بۆکرابوو، دەرکەوت کە %48.6ی ئەو کەسانەی کە هۆڵیوود سمایڵیان کردووە، رازینەبوون لە ئەنجامەکە، 40% ئەوانەی بەنیازن هۆڵیوود سمایڵ بکەن، بە ئاگانەبوون یاخود پێیان نەگوترابوو چ کێشەیەک لەوانەیە رووبدات لە کاتی ئەنجامدانی و دوای تەواوبوونی هۆلیوود سمایڵ.

1. کاتێک پێویست بوو بەپێی حاڵەتەکە؛ بڕینی ژمارەیەکی زۆری ددان و ئەنجامدانی هۆڵیوود سمایڵ نابێتە چارەسەری یەکەم بۆ جوانکاریی ددان، و تاوەکو ئێستا زانستی ددان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانرێت ماددەیەک دروستبکرێت لە ددانێکی سروشتی و تەندروست بەهێزتر و تەندروستتر بێت. ئەو مینا بڕاوەی ددان قەرەبوو ناکرێتەوە و دروستنابێتەوە.

2.  تاوەکو ئاستێکی زۆر بڕین یا نەبڕینی ددانەکە پشت دەبەستێت بە ئاست و لێزانینی پزیشکی ددانەکە و تاقیگەکە. چونکە دیزاینکردنی شێوەی ددانەکە لە پێش بڕینی ددانەکە دەستپێدەکات، کەواتە نەخۆشەکە دەتوانێت داوای دروستکردنی نمونەی تەواوکراوی هۆڵیوود سمایڵ بکات، پێش دەستپێکردنی کارەکە و بڕینی ددانەکان، ئینجا بڕیاربدات کە بیکات یان نا. چونکە جۆری چارەسەر لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت.

3. خاڵێکی دیکە بۆ ئەو کەسانەی بەنیازن هۆڵیوود سمایڵ بکەن، باشترە ئەوە لەبەرچاوبگرن کە لەوانەیە دوای ئەنجامدانی، هەستیاریی ددانەکانیان زیادبکات، ئەم هەستیارییە دەکرێت کاتی بێت، بەڵام بۆ هەندێک تاکیش دەکرێت بەردەوام بێت، ئەمەش وادەکات کە خواردن و خواردنەوە گەرمەکان یان ساردەکان ناڕەحەت بن.

4. ئەو ڤینیر و کیفانەی کە لە زەردەخەنەی هۆڵیووددا بەکاردەهێنرێن، لەوانەیە پێویستییان بە چاککردنەوە ببێت و بگۆڕرێن بەپێی ئەو کەرەستانەی کە بەکاردەهێنرێن و ئاستی چاودێریکردنی نەخۆشەکە، چونکە بە پێی توێژینەوەیەک کە لە وڵاتانی دەرەوە ئەنجامدراوە لەسەر ئەو ڤینیرەی کە بۆ هۆڵیوود  سمایڵ بەکاردێت، دەرکەوتووە لەوانەیە شکان یا کەوتن، هەوکردنی پووک، کلۆربوونی ددان وهەوکردنی دەمار رووبدات و پێویستی بە چارەسەربێت.

 5. یەکێک لە كێشەکان ئەوەیە کە ئەو ماددەیەی پێی دروستدەکرێت ئەگەر کوالیتی زۆر باش بێت گرانە