راگەیەنراوێک لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

پرۆژەیەکی نەوتیی هەرێمی کوردستان
پرۆژەیەکی نەوتیی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت دەکات.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنەری کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلە بێنە بەغداد".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "کۆبوونەوەکە بە ئامانجی رێککەوتنە لەسەر خێراکردنی دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهانی تورکی، بەو بڕەی لەیاسایی بودجەدا چەسپێندراوە".

ئەم داواکارییەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەکاتێکدایە، زیاتر لە 14 مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهانی تورکی و دوای دەرچوونی بڕیاریی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیراوە.