ڤۆڵتێر.. بلیمەتێک لە جیهانی نووسیندا
فرۆنسوا ماری ئاروێت ناسراو بە ڤۆڵتێر، نووسەر، بیرمەند، شاعیر، شانۆنووس و مێژوونووسێکی دیاری فەڕەنسا و جیهانە، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییەکانی ڕەوتی ڕۆشنگەریی فەڕەنسا، ڕێکەوتی 30ی ئایاری 1778 لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
لە سەردەمی ڕۆشنگەرەکاندا بووە
سەردەم و قۆناغی ژیان و کارکردنی ڤۆڵتێر، بە قۆناغی ڕۆشنگەریی ناسراوە، ئەم بیرمەندە، لە شاری پاریس و لە خێزانێکی بۆرژوای دەوڵەمەند لە ساڵی 1694 لەدایکبووە.
ڤۆڵتێر پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ باوکیدا نەبووە، ئەمەش هۆکاری ناونانی خۆی بووە بە ڤۆڵتێر، لێکردنەوەی ناسناوی خێزانی، ڕەتکردنەوەی ئەو بەهایانە بووە کە باوکی بۆی داناوە، لەگەڵ تەواوکردنی یەکەم شانۆی خۆی لە ساڵی 1718، ناوەکەی لە فرۆنسوا ماری ئاروێتەوە گۆڕیوە بۆ ڤۆڵتێر.

بۆچی زیندانی کراوە؟
نووسینی شیعر و بەناوبانگبوونی وەکو شاعیر و شانۆنووس هاوتای ڕەخنەگرتنی لە دەسەڵاتداران، هۆکارێک دەبێت بۆ دەستگیرکردنی و ماوەی یەک ساڵ لە قەڵای باستیل زیندانییکراوە، پاش ئازادبوونی، بەمەبەستی دەربازبوون لە سیاسەتی توندی فەرمانڕەواکانی فەڕەنسا، بەرەو بەریتانیا هەڵهاتووە و ماوەی سێ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە.
لۆتەرییەکی گرانبەهای بردووەتەوە
ڤۆڵتێر بەهۆی زیرەکییەوە، توانیویەتی هەڵەیەکی گەورە لە شێوازی کارکردنی لۆتەرییەکی وڵاتی فەڕەنسا بدۆزێتەوە و لە دەرئەنجامدا ببێت بە خاوەنی نیو ملیۆن فرانک، دەستکەوتنی ئەم پارەیە، هۆکاری سەرەکیی خۆتەرخانکردنی بووە بۆ نووسین و بیرکردنەوە و دەستبەرداری ئیشکردن بووە.
لە چەندین بواردا بەرهەمی هەیە
ڤۆڵتێر لە تێکڕای ژیانیدا، توانیویەتی زیاتر لە 50 شانۆ بنووسێت، هاوتای چەندین کتێبی مێژوویی، زانستی و سیاسی، پاشان لە بابەتە فەلسەفییەکاندا دەستی سەرەکیی هەبووە و قەڵەمێکی درشت و دیار بووە، چەندین بابەتی جیاواز و هەمەجۆری نووسیوە، هەر لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیاوە بۆ پەرلەمانی فەڕەنسا.
قاوەخۆرێکی سەرسەخت بووە
ڤۆڵتێر ڕۆژانە 18 کاتژمێری بۆ نووسین تەرخانکردووە، تەنانەت لەسەر جێخەوەکەشیدا شتی نووسیوە، بەکارهێنەرێکی گەورەی کافین بووە و بەشێک لە سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، ڕۆژانە 40 کوپ قاوەی خواردووەتەوە.

بەشێک لە بەرهەمەکانی قەدەغە کراون
بەهۆی نووسین و ڕەخنەگرتن لە بابەتە ئایینی و سیاسییەکان، بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی قەدەغەکراون و حوکمەتی فەڕەنسا فەرمانی سووتاندنی بۆ دەرکردوون.
ڤۆڵتێر دەستێکی گەورەی هەبووە لە گێڕانەوەی ڕووداوە زانستییەکاندا، بەدیاریکراوییش لە گێڕانەوەی چیرۆکی کەوتنە خوارەوەی سێوەکەی نیوتن، توانیویەتی لە ئاستی جیهانییدا هۆکارێک بێت بۆ بەناوبانگبوونی.
لەماوەی ژیانیدا، توانیویەتی لە زۆرینەی بوارە جیاوازەکاندا بەرهەمی هەبێت، زیاتر لە 20 هەزار نووسراوی هەیە و خاوەنی دوو هەزار کتێب و بابەتە، لە دیارترینیان:
Henraide 1723
Oedipus 1718
Micromégas
Candide
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مردنی لە ساڵی 1778، قەشە کاسۆلیکییەکان بۆ جارێکی دیکە بەرۆکی دەگرن و داوای لێدەکەن بگەڕێتەوە سەر بیروباوەڕی ئایینی کریستیانی، بەڵام ڤۆڵتێر ڕەتی دەکاتەوە و پێیان دەڵێت کە ڕێ بدەن بە ئارامیی بمرێت، ڕێکەوتی 30ی ئایاری 1778، لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
28/05/2026