فەهمی بورهان: 126 هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکوک داگیرکراوە

کەناڵ8 30/05/2024

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی رژێمی پێشووی بەعس براوەتە پەرلەمانی عێراق بەڵام تەنانەت یەک پەرلەمانتاری عەرەب لەگەڵی نەبوون.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تارگێتی کەناڵ8 رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتێکی 50 لاپەڕەییمان داوە بە ئەنجوومەنی وەزیران و بە وردی و بە بەڵگەوە مەترسی تەعریبمان خستووەتەڕوو، هاوکات نەخشەڕێگەیەکمان خستەڕوو بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان.

 دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخێکی نیشتمانی دروستببوو هەم سەرۆکوەزیران و هەم جێگری سەرۆکوەزیران هەموو خاڵەکانی راپۆرتەکە و نەخشەڕێگەکەیان پێباش بوو، لەسەر بنەمای گفتوگۆکان لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان بەگوێرەی دەستووری عێراق، هەمووانیش لەسەر ئەوە کۆکبوون کە ناکرێت پرسی ناوچە کوردستانییەکان بکرێت بە بابەتی پلە دوو لە ریزبەندی کارنامەی کاری حکومەت و لایەنە سیاسییەکان.

فەهمی بورهان ئاماژەی بەوەشکرد. لە پێنج رۆژی رابردوودا پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشووی بەعس براوەتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام تەنانەت یەک پەرلەمانتاری عەرەب لەگەڵی نەبوون، بەگوێرەی یەکێک لە بڕیارەکان کە داوای هەڵوەشانەوەی کرابوو 126 هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکوک داگیرکراوە.

رۆژی سێشەممە، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەغداد، لە بەغداد پێنج کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا، یەکێک لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بوو، فەهمی بورهان دەڵێت، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی هادی عامریم کردووە بۆ نوێترین بڕیاری کە تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی جوتیارانی کورد و ماددەی 140، بەڵام پێمگوتووە راستە بڕیارەکە باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڵام جێبەجێناکرێت.

سەبارەت بە سەرژمێریی گشتی لە عێراق، فەهمی بورهان دەڵێت، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی داوە کە سەرژمێرییەکە لە زیانی کورد نابێت و خانەی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێرییەکە لابراوە، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی کەلار، چەمچەماڵ، کفری و خوورماتووش بۆسەر ئیدارەی پارێزگای کەرکوک، سەرۆکی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت، سەرەڕای ئەو دژایەتییە خوێناوییەی لەنێوان شیعە و سونە هەیە بەڵام کە دێتە سەر باسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان، ئەوەندە کۆکن کە ناتوانیت جیایان بکەیتەوە کامەیان شیعەیە و کامەیان سوننەیە.

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات، یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شیعە و سوننە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی پرسی ناوچە کوردستانییەکان و ماددەی 140 بوو، ئێستا هەوڵێکی رژدی سەرۆککۆماری عێراق هەیە بۆ پابەندکردنی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی 140.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لە کەرکوک، فەهمی بورهان دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی سەرکەوتوو نەبوو لە لێکنزیککردنەوەی لایەنە براوەکانی کەرکوک، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا سێ کۆبوونەوە کراوە و ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەدا بڕیاردراوە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە و لایەنە براوەکانیش هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە.

سەبارەت بە پارێزگاری کەرکوک دەشڵێت، تاوەکو ئێستا ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە کە پارێزگار بۆ کورد دەبێت، هەرکات ئەوە یەکلایی بووەوە ئەوکات دەبێت یەکێتی و پارتی دەست بە گفتوگۆ بکەن و لێکتێگەیشتن لەسەر ئەو پرسە بکەن، دەشڵێت، تاوەکو ئێستا ئاسان نییە پارێزگار بۆ کورد بێت چونکە عەرەب و تورکمان پێداگری لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە دەکەن، ئەوەی کە هەیە بەرچاوڕوونی هەیە کە هەفتەی داهاتوو هەندێک شت یەکلایی ببنەوە.

کەناڵ8

30/05/2024