بەهۆی "تایلەر سویفت"ـەوە کەسە بێ ماڵ و شوێنەکانی سکۆتلەندا دەرکران
ماڵپەڕی BBC ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی گەشتە هونەرییەکەی تایلەر سویفتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی لەسەر شەقامەکانی ئێدنبرە لە سکۆتلەندا دەژیان، براونەتە دەرەوەی شارەکە، تاوەکو شوێن بۆ ئەو گەشتیارانە چۆڵ ببێت کە بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگەکەی ئەو خانمە هونەرمەندە ئەمریکییە دەچنە ئەو شارە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، رێکخراوی شێڵتەری خێرخوازی ئاماژەی بەوەکردوە، ژمارەیەک لەو کەسە بێ ماڵ و شوێنانە کە لەسەر شەقامەکان دەژیان، نێردراون بۆ ئابردین و گلاسکۆ و نیوکاسڵ بەهۆی کەمیی شوێنی پێشوازیی لە گەشتیاران.
ئەو رێکخراوە رەفتارەکەی بە "زوڵم" ناوبردووە بەرامبەر بەو هاوڵاتییانە، ئەنجومەنی شاری ئێدنبرەش گوتوویەتی، کە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار قسە دەکات بۆ دۆزینەوەی شوێنی پێشوازیی جێگرەوە بۆیان.
وابڕیارە تایلەر سویفت سێ ئاهەنگ لە یاریگەی ماریفێڵد لە ئێدنبرە لە رۆژانی حەوت تاوەکو نۆی مانگی حوزەیراندا رێکبخات، واچاوەڕوانیش دەکرێت هەزاران هەواداری ئەو خانمە هونەرمەندە بێنە شارەکە بۆ بەشداربوون لە ئاهەنگەکەدا.
تایلەر سویفت چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا دەستی بە گەشتێکی بەرفراوان کرد بە وڵاتە ئەورووپییەکاندا، لە یاریگا گەورەکانیشدا چەندین ئاهەنگی گەورەی سازکرد، بەردەوامە لە گەشتەکەی.
30/05/2024