بچوکترین وێنەکێشی جیهان ناوی دەچێتە کتێبی گینسەوە

منداڵێک کە تەمەنی کەمتر لە دوو ساڵە لە گانا، بووە بە بچووکترین وێنەکێشی جیهان، دوای ئەوەی لە تەمەنی شەش مانگیدا یەکەم تابلۆی کێشاوە، بەم دواییانەش بەشداری پێشانگەیەکی کرد و چەندین تابلۆی فرۆشرا.

ماڵپەڕی "نیویۆرک پۆست" ئاماژەی بەوەکردوە، لیام نانا سان ئانکرا، کە لە تەمەنی ساڵ و نیویدا نازناوی بچوکترین وێنەکێشی جیهانی وەرگرت، لەکاتێکدا لە تەمەنی تەنها شەش مانگیدا دەستی کردووە بەوێنەکێشان.

شانتێل ئێگانی دایکی، کە ئەویش هونەرمەندە، لەکاتی کارکردنی بۆ شاجوانی گەردوونی 2023ـدا، لە پێناو سەرقاڵکردنی منداڵەکەی، پارچەیەک قوماش و کۆمەڵێک رەنگی پێداوە، دواتر شۆکبووە بە بینینی ئەو تابلۆیەی منداڵەکەی تەنها بە خۆخشاندن دروستی کردووە.

ئێگان بە کاربەدەستانی گینسی گوتووە، "دیاربوو کە لیام چێژێکی زۆری لە وێنەکێشان دەبینی، بەتەواوی سەرسامی رەنگەکان بوو، دەیزانی ئەو رەنگانە چین کە تەواوکەری یەکن، بە تابلۆکانیشییەوە ئەوە دەردەکەوێت کە ئارەزووی دۆزینەوەی شتە نوێیەکان دەکات".

گوتووشییەتی: لەو کاتەوەش کە دەستی بە رۆیشتن و قسەکردن کردووە، بەردەوام داوا دەکات لە ستۆدیۆ تایبەتەکەی ناو ماڵەکەماندا وێنە بکێشێت، زۆرینەی کاتەکانیشی لەوێ بە وێنەکێشان بەسەردەبات.

دایکی لیام، تەواویی ئازادی داوە بە منداڵەکەی لە هەڵبژاردنی رەنگەکان و تێکەڵکردنیان و کێشانی ئەوەی کە دەیەوێت، بۆئەوەی بەباشترین شێوە خۆی دەرببڕێت.

کارەکانی لیام هێندە زۆرن، بەم دواییانە بەشداری لە پێشانگەیەکدا کردوە لە مۆزەخانەی زانست و تەکنەلۆجیا لە پایتەختی گانا، لە کۆی 10 تابلۆش هەشتیان فرۆشراون.

دوای فرۆشتنی تابلۆکانیش ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە و بە فەرمی نازناوی بچوکترین وێنەکێشی جیهانی پێبەخشراوە.