حەج و عومرە: چارەسەری پزیشکیی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعودیە بێبەرامبەرە

ئەنجامدانی فەریزەی حەج لەلایەن بەشێك لە موسڵمانانەوە- فۆتۆ: AA
ئەنجامدانی فەریزەی حەج لەلایەن بەشێك لە موسڵمانانەوە- فۆتۆ: AA

حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر حاجییەکی هەرێمی کوردستان لە سعودیە تووشی هەر نەخۆشییەک ببێت، بێبەرامبەر چارەسەر وەردەگرێت.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، تیمێکی 21 کەسی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە لەگەڵ حاجیانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعودیەن و چارەسەری ئەو حاجییە کوردانە دەکەن کە تووشی گرفتێکی تەندروستی دەبن.


گوتیشی، حاجییانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتی سعودیەوە بیمەی تەندروستییان بۆ وەرگیراوە و هەر حاجییەک لەو وڵاتە تووشی هەر گرفتێکی تەندروستی ببێت بێبەرامبەر لەلایەن تیمەکانیانەوە چارەسەریان بۆ دەکرێت و ئەگەر تێچووی چارەسەری نەخۆشییەکەی یەک ملیۆن دۆلاریش بێت، هیچ بڕە پارەیەک نادات و بێبەرامبەر چارەسەری بۆ دەکرێت.

ئەمساڵ چوار هەزار و 600 حاجیی هەرێمى کوردستان بەشداریی فەریزەی حەج دەکەن.