وەزارەتی ناوخۆی عێراق: چەند کەسێکمان دەستگیرکرد کە هێرشیانکردووەتەسەر چێشتخانە ئەمریکییەکان

دوای هێرشەکە هێز لە شەقامی فەڵەستین جێگیرکراوە
دوای هێرشەکە هێز لە شەقامی فەڵەستین جێگیرکراوە

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە بەشدارییانکردبوو لە کاری تێکدەرانە دژی کۆمپانیا و خواردنگە ئەمریکییەکان لە شاری بەغداد و بەشێک لەو دەستگیرکراوانە ئەندامی هێزێکی ئەمنیی دیاریکراو بوون.

لە چەند رۆژی رابردوودا لە ناوچەی کەڕادە و گەڕەکی جادرییەی بەغداد، هێرشکرایەسەر خواردنگەی کەی ئێف سی و جیلی هاوس لیز، جگە لەوەی پێشتر هێرشکرابووە سەر پەیمانگای کامبریج لە شەقامی فەڵەستین، دواتر هێزە ئەمنییەکان رێکارەکانی خۆیان دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرەکان.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، لە رۆژانی 26 و 27 و 30ی ئابی 2024، زنجیرەیەک هێرشکراوەتەسەر پەیمانگە، کۆمپانیا و خواردنگە ئەمریکییەکان لە چەند شوێنێکی شاری بەغداد، لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە کە حەوت ماتۆڕسکیلیان پێبووە، دەستبەجێ تیمی هەواڵگریی پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرەکان و رادەستکردنیان بە یاسا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق زانیاریی وردی لەبارەی هێرشکارەکان و ناونیشان و شوێنی کارەکانیان کۆکردووەتەوە و بەگوێرەی فەرمانی دادوەر و بەپشتبەستن بە ماددەی 4ی یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ژمارەیەک لە گومانلێکراوەکان دەستگیرکراون.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تۆمەتبارەکان ددانیان بەوەدا ناوە کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە گومانلێکراوی هەڵاتووی دیکە بەشدارییانکردووە لە هێرشەکاندا.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە هەندێک لە تۆمەتبارەکان ئەندامی یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقن و ئامانجیان زیانگەیاندن بووە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئاڕاستەی دادگای تایبەتمەند دەکرێن بۆ وەرگرتنی سزای خۆیان.