وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک هەماهەنگیمان لەگەڵ ناکەن

كەمپی ئاشتی لە عەربەت. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8
كەمپی ئاشتی لە عەربەت. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بە گوێرەی پێویست هاوکارییان ناکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زیدی خۆیان و دەشڵێت، پارێزگای سلێمانی لەو بوارەدا هاوکاری باشی کردوون.

سامر مەشکور، بەڕێوەبەری بەشی پارێزگاکانی کوردستان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رۆژنامەی 'سەباح'ـی زمانحاڵی حکومەتی عێراقی راگەیاندووە، "هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هاوکاریمان ناکەن بۆ جێبەجێکردنی پلانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان" و بۆچوونی وایە "هۆکاری سیاسی" رێگرە لە هەوڵەکانیان".

سامر مەشکور دەڵێت، "رێژەی ئەو ئاوارانەی لە دهۆک و هەولێرەوە دەگەڕێنەوە کەمن، ئەگەر بەراورد بکرێن بە پارێزگای سلێمانی، کە هەنگاوێکی گەورەی ناوە لەبواری کارئاسانیکردنی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان".

بەڕێوەبەری بەشی پارێزگاکانی کوردستان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە ناوچە ئازادکراوەکان لە سەرتاسەری عێراق، ئاسایش و ئارامییان تێدا پارێزراوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە.

سامر مەشکور ئاماژە بەوەش دەکات تیمی گەڕۆکی وەزارەتەکەیان بەردەوام چاودێریی ناوچە ئازادکراوەکان دەکەن و ئاستی ئارامیی تیایاندا لە ئاستێکی باڵادایە، کە هۆکاربووە بۆ گەڕانەوەی زۆرترین ژمارەی ئاوارە لە کامپەکانی سلێمانییەوە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران 43 کۆچبەر دامەزرێنراون پاش ئەوەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.