بۆچی لۆرکا لە باشترین شاعیرەکانی ئیسپانیایە؟

حەسەن فەلاح 3 کاتژمێر پێش ئێستا

فیدیریکۆ گارسیا لۆرکا، لە ئاستی گەورە شاعیرانی سەدەی بیستەمدا، ناوێکی دیارە، لە هەناوی خۆشەویستیی بۆ ئازادیی و شکۆمەندیی مرۆڤ شیعری نووسیوە، ڕێکەوتی پێنجی حوزەیرانی 1898، لە ئیسپانیا لەدایکبووە.

مرۆڤدۆست بووە

لۆرکا لەدایکبووی شاری گرانادایە، لە خێزانێکی زەنگینی جوتیار هەڵکەوتووە، لەگەڵ گەورەبوونیدا ئەشقێکی گەورەی شارەکەی لە دڵیدا چەکەرە دەکات، هاوکات دڵسۆزی کارە مرۆییەکان بووە و خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ مرۆڤدۆستیی هەبووە، گەورەترین خولیای لە منداڵیدا، سەردانیکردنی کەنیسە بووە لەمیانی نوێژی بەکۆمەڵدا.

فرەبەهرە بووە

وێڕای نووسینی شیعر و بەناوبانگبوونی، وەکو شانۆنووسێکی گەورەش ناسراوە، نیگارکێش و موزیکژەنێکی لێهاتووش بووە، لۆرکا ساڵی 1916، لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە، لەماوەی 38 ساڵی ژیانیدا، توانیویەتی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ڕێبازی نووسینی شیعری ئیسپانیی دروستبکات و خاوەنی چەندین دیوانە شیعرە، ئەندامی گرووپێکی شیعریی ئیسپانیا بووە بە ناوی "27"، کە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا گروپێکی بەناوبانگ و ناسراون، کاریان بە بنەماکانی: بەرەوپێشچوونی ئەدەبی، تیمارکردنی گوناهەکان، ئازادیی داهێنەرانە و تێکەڵکردنی زمانی هاوچەرخ و کلاسیک کردووە.

هەریەک لە نووسەران، شکسپیر، گۆتە، ئانتۆنیۆ ماچادۆ و روبن داریۆ گەورەترین نموونەی ئەدەبیی بوون بۆ لۆرکا، دونیابینی و هەوڵەکانیان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و نووسینی دروستکردووە.

بە گوندەکاندا گەڕاوە

یەکێک لە ئامانجەکانی لۆرکا، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و ناساندنی کولتوور بووە بە کۆمەڵگە جیاوازەکانی ئیسپانیا، بە ناوچە دوورەدەستەکاندا گەڕاوە و لە لادێکاندا نمایشی شانۆیی ئەنجامداوە، ئەدەب و هونەر و کولتووری بە هەمووان ناساندووە و خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ کۆکردنەوەی مرۆڤەکان هەبووە لەسەر بنەمای پێگەیاندن و بەخشینی خۆشەویستی.

ساڵی 1936، ڕێکەوتی 19ی ئاب، بە تۆمەتی هاوکارییکردنی بەرەی کۆماریی و دژایەتیکردنی حوکمڕانیی فرانکۆ، دەستگیردەکرێت و لەمیانی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا دەکوژرێت و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک نازانێت لاشەکەی چی لێهاتووە و بەرەو کوێ براوە.

دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە:

Romancero gitano 1928
Poet in New York 1940
Sonnets of Dark Love 1983
Book of Poems 1921

حەسەن فەلاح

3 کاتژمێر پێش ئێستا